کتێبی "سێشەممانە لەگەڵ مۆری" چاپ و بڵاو کرایەوە

11:57 - 5 خاکەلێوه 2721

کتێبی "سێشەممانە لەگەڵ مۆری"، لە نووسینی نووسەری بە ناوبانگی ئامریکایی "میچ ئەڵبۆمە" کە لەلایەن وەرگێڕی کورد "خالید عەلیزادە" کراوەتە کوردی.

ئەم کتێبە، لەلایەن وەشانگەی "ناوەند"، لە شاری بانە چاپ و بڵاو کرایەوە و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

 لەم کتێبەدا مۆری شوارتز زۆر ڕاشکاوانە ئەزموونی حەوت دەیەی ژیانی خۆی لەگەڵ میچ ئەڵبۆم دەخاتە بەر باس.

 لە ئاکامی چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبی ناوبراو، کاریگەری و شوێنداریی ئێجگار زۆری لە دوای خۆی بە جێهێشتووە و تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر چل‌وپێنج زمانی زیندووی دونیا.

 دوکتور بێرنی ئێس.سیگێڵ ١، سەبارەت بەم کتێبە دەڵێت: "ئه‌م کتێبه‌ گه‌نجینه‌یه‌کی به‌ نرخه‌ سه‌باره‌ت به‌ تێگه‌یشتن له‌مه‌ڕ‌ پرسی مه‌رگ، هه‌روه‌ها ڕێنوێن و سه‌رچاوه‌یه‌کی باشه‌ بۆ ڕۆشنگه‌ری و به‌ ئاگا‌هاتنه‌وه‌. کتێبی به‌رده‌ست‌ دیالۆگ و هه‌ڤپه‌یڤینه‌ له‌گه‌ڵ پێشه‌وا و پێشه‌نگێک،‌ ‌ئه‌زموونی مه‌رگی خۆی له‌گه‌ڵمان ده‌خاته‌ به‌ر باس. له‌ ئاکامدا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ به‌ زانیاریی و تێگه‌یشتنێکی قووڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌رگ ڕووبه‌ڕوو بینه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌م کتێبه‌دا‌ پێکه‌نیوم، گریاوم و‌ پێنج به‌رگ له‌م کتێبه‌م بۆ منداڵه‌کانم سفارش‌داوه‌". لە هەمان کاتدا پێی وایە بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە نابێ تا چوارشەممە چاوەڕوان بین.

وەرگێڕ ئەم کتێبەی وەک نەورۆزانەیەکی بچووک پێشکەش کردووە بە کتێبخانەی کوردی.

بۆ ئاگاداریی خوێنەرانی ئازیز پێشتریش چەندین بەرهەمی وەکوو دیاریی تیلەکۆ، کۆمەڵناسیی ئایین، لێبوردەیی و جیاوازی، ڕاهێنانی شارۆمەندی و دێمۆکراسی لە سوید، ڕاهێنانی شارۆمەندی، وەرگێڕانی قازانجی ڕووەک خۆری و بزووتنەوی ژنان(فمینزم)، لەم وەرگێڕە بڵاو بووەتەوە.