کاوە بەهرامی: هەر هێرشێکی سپای پاسداران لەگەڵ وڵامی پێشمەرگەکانی کوردستان بەرەڕوو دەبێتەوە
"محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران لە مانۆڕی نیزامیدا کە لە بەرزاییەکانی "چلچەمە"ی دیواندەرە بەڕێوە چوو، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد و ڕایگەیاند کە لە هەر شوێنێک کە هێزە کوردییەکانی لێ بێت یان جێگیر کرابن، هێرش دەکەنە سەریان.
فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران لە وتەکانی خۆی ئاماژەی بە مووشەکبارانکردنی مەقەڕەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە کرد کە لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٧ مووشەکباران کراوە.
"کاوە بەهرامی"، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان لە وڵامی هەڕەشەکانی "محەممەد پاکپوور"، فەرماندەی هێزی زەوینیی سپای پاسداران لە وتووژێک لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان وڵامی هەر جۆرە هێرشێکی سپای پاسداران دەداتەوە".
بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند: "هێزی پێشـمەرگەی کوردستان لە ئامادەیی تەواودایە و لە چوارچێوەی بەرگیرییەکی ڕەوا، وڵامی هەڕەشەکانی سپای پاسداران دەداتەوە".
"کاوە بەهرامی" لەو وتووێژەدا ڕوو لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق ڕایگەیاند: "هێرشی سپای پاسداران پێشیلکاریی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەبێ لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە پێش بە ئەم جۆرە هەڕەشە و هێرشانە بگرن".
لە ماوەی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ٢٦ و ٢٧ی جۆزەردان، سپای پاسداران ناوچە شاخاوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تۆپباران کرد و هەروەها مەقەڕەکانی حیزبی دێموکراتی مووشەکباران کرد.