کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ خوازیاری هەرچی زووتر ئازادکردنی دەسبەسەرکراوەکانی کوردستان بوون
کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکدا، بە نیسبەت شەپۆلی دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی، خوێندکاری و سیاسی لە کوردستانی ئێران، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.
لە دەقی ئەو بەیاننامەیەدا، هاتووە:
کۆتایی بە سەرکوتی خەڵکی کورد بهێنن
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، شەپۆلی دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی، خوێندکاری و سیاسی لە کوردستان، جێگای ناڕەزایەتیی و نیگەرانییە.
کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ وێڕای ناڕەزایەتیی خۆی بە نیسبەت کەمتەرخەمیی ناوەندە قەزایی و ئەمنییەتییەکان لەمەڕ سەرەتاییترین مافی دەسبەسەراوە تۆمەتلێدراوەکان، چۆنییەتیی دەسبەسەرکرانیان، بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانیان، دەستپێڕانەگەیشتنیان بە پاڕێزەر و ئاگادارنەبوونی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان لە چارەنووسی منداڵەکانیان، ڕایدەگەیێنێت کە بەداخەوە لە ڕابردوودا، هاوشێوەی وەها هەڵسووکەوتێک لە ڕاستای دۆسییەسازی بۆ چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە چوارچێوەی پڕۆژە ئەمنییەتییەکان و سەرکوتکەرانەکان بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک کوردستان و سیستان و بلوچستان بووە، کە سەرەڕای نەبوونی هۆکار و بەڵگەی حقووقی و قەزایی، تەنیا لە سەر بنەمای ئیرادەی سیاسی، بووەتە هۆی داسەپاندنی حوکمی نادادپەروەرانەی قورس و تەنانەت ئێعدامی بە سەر ئەواندا.
لەو ڕووەوە کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، وێرای ناڕەزایەتیی جیددی بە ئەمنییەتییکردنی فەزای کوردستان و بەردەوامی لە شێوەی سەرکوتکەرانەی ئەو ناوچەیە بێبەری و ڕەنجدیتووە، خوازیاری ئازادکردنی هەرچی زووتری دەسبەسەرکراوەکان و کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی مافی تۆمەتلێدراوان و نیگەرانیی بنەماڵەکانیان و هاووڵاتییانی خۆشەویستە.
کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ