کانادا گەمارۆی ئابووریی نوێی لە دژی ئێران پەسند کرد

12:07 - 18 رێبەندان 2715
آژانس کوردپا: وڵاتی کانادا لە بڕیارێکی نوێ‌دا، دژی بەرنامەی مووشەکیی ئێران، گەمارۆی ئابووریی نوێی پەسند کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزیری دەرەوی کانادا \"ستێڤان دیون\" باسی لە زیادەخوازییە ناوکییەکانی ئێران کرد و گوتی؛ \"کانادا لە ستانداردەکانی خۆی‏، بەتایبەت لە بواری پێشینەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، چاوپۆشی ناکات\".

ناوبراو له درێژەدا ڕایگەیاند کە؛ \"ئێمە پابەندین بە بەڵێنی خۆمان لەهەمبەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و پشتیوانییەکانی ئێران لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرنامەی مووشەکی، بە تووندی مەحکووم دەکەین\".

ئێران ١٩ی مانگی ڕەزبەر، مووشەکێکی بالستیک بەناوی \"عیماد\"ی بە مەودای ١٧٠٠ کیلۆمیتری تاقی کردەوە، کە ئەوەش، ناڕەزایەتیی و نیگەرانیی کۆمەڵگای جیهانیی لێ‏کەوتەوە.

بەپێی بڕیارنامەی ١٩٢١ی شوورای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی بالستیک کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیی هەبێی نیە و وڵاتانی دیکەش دەبێت لە فرۆشتنی کەلوپەلی نیزامیی و پارچەکانی چەک‏وچۆڵ بە ئێران خۆ بپارێزن.

دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک لە لایەن ئێرانەوە، ئەمریکا گەڵاڵەی نوێی گەمارۆی ئابووری خستە ڕوو کە تا ئێستا لە دەستی تاوتوێکردن‏دایە.

ئەمریکا لە گەڵاڵەیەکی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکاندا، چەندین شیرکەت و کەسانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە لە بەرەوپێشبردنی پیشەی مووشەکیی ئێراندا هاوکاریی دەکەن، خستە ناو لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە.