کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند) لە زیندانی ورمێ بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوێزرا

11:32 - 19 پووشپەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند)"، خەڵکی گوندی "چریاوا" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، لە زیندانی ورمێ بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٩٩، لە لقی ٦ی لێپرسی دادگای ئینقلابی ورمێ تۆمەتەکەی ڕوون کرایەوە و بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە وێڕای دوو هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوەکانی "ئەنوەر چالشی"، خەڵکی گوندی "لۆرزنە" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ و "مووسا ئالووسی"، خەڵکی گوندی "وەلندەی سەرەوە " سەر بە بەخشی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرابوون.

پاش دەسبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە، قەرارگای حەمزە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانـ"ـی دابووە پاڵ ناوبراوان.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٩٩، ئەنوەر چالشی، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، شەش ڕۆژ پێش لە ڕاگواستنی بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی "ئەلمەهدیـ"ـی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

هەروەها کامیل سەیدان مەسکەن (جەباروەند)، ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

مووسا ئالووسی پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ورمێ ئازاد کرابوو.