کامڕان ساختمانگەر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بانگهێشت کرا

11:19 - 27 سەرماوەز 2720

لقی ٤ی جێبەجێکردنی تاوانەکانی کەیفەریی سنە، کامڕان ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بانگهێشت کرد.

ئەو چالاکە کرێکارییە لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاندووە: "لە بڕیارێکدا کە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، لەلایەن لقی ٤ جێبەجێکردنی تاوانەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە دراوە و لە ڕێگای سامانەی سەنا، ئاگادار کراومەتەوە، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٥ ساڵ زیندانییە تەعزیرییەکەم، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە کۆمەڵە و پڕۆپاگەندە دژی نیزام بانگهێشت کراوم''.

بەپێی ئەو بڕیارە دەرکراوە کامڕان ساختمانگەر ١٠ ڕۆژ موڵەتی هەیە کە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی لە لقی ٤ی جێبەجێکردنی تاوانەکانی کەیفەریی سنه، ئامادە بێت.

ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەز، لقی ١١ی دیوانی باڵای وڵات؛ ئیعادەی دادڕەسیی کامڕان ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی کورد؛ خەڵکی سنەی ڕەت کردبووە.

 ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەر، ئەو چالاکە کرێکارییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، بانگهشێتی لقی ٤ی بەڕێوەبەری تاوانەکانی کەیفەریی شاری سنە، کرابوو.

لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "مستەفا تەیاری" حوکمی زیندانیی کامڕان ساختمانگەر، کە بە ٦ سآڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، پشتڕاست کردەوە.

دادگای پێداچوونەوەی سنە، بە ڕەتکردنەوەی پێداچوونەوەی دادگاییەکەی ئەو چالاکە کرێکارییە، بە پشتبەستن بە مادەی ٤٥٥ یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری، دادنامەی پێداچونەوەی پشتڕاست کردەوە.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٨، ئەو چالاکە کرێکارییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر "حوسێن سەعیدی" ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری  وبە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی بە هەژمار کردنی ماوەی پێشوو دەسبەسەرییەکەی مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی لەمەڕ پشتیوانی لە مافی کرێکاران، لە باخی کەسیی سەید "عەلی حوسێنی"، چالاکێکی دیکەی کرێکاری، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری سەقز دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە گرتووخانەی سنە ئازاد کرابوو.