کامران کەمانی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

17:11 - 27 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، کامران کەمانی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "ئەنبێ" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕ، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە، خەرمانانی ٩٨ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا کە دواتر ئەو حوکمە بە "تسلیم بە رای"، بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندان کەم کرابووەوە.

حوکمی زیندانیی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەپێی گەڵالەی کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری، بۆ ١ ساڵ و ٩ مانگ کەم کرایەوە.

کامران کەمانی بەپێی بەخشنامەیەکی نوێ، زووتر لە کاتی خۆیدا و پێش لە تەواوکردنی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کراوە.

بەپێی ئەو بەخشنامەیە، ئەو زیندانییانە کە کەمتر لە ١ ساڵ و ٦ مانگ لە ماوەی زیندانیبوونیاندا ماوەتەوە، ئازاد دەکرێن.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٩٨، کامران کەمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.