کاسبکارێکی کورد کەوتە بۆسەی هێزەکانی حکوومەت لە سەردەشت

19:53 - 13 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لەپاش بەرکەوتنی گوللـەیەک بە کاسبکارێکی سەردەشتی، ئەو کەسە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق گوازرایەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەڕاستی ئەم حەوتوویە لە ناوچەی سنووریی سەردەشت لە پارێزگای ورمێ چەندین کاسبکاری کورد کەوتنە بۆسەی ‌هێزەکان حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە.

لە کردەوەیەکی نەباڵی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران، یەکێک لەو کاسبکارانە بە ناوی \"سۆران ئەحمەدی\" کوڕی \"عەبدوڵڵا\" بە توندی بریندار دەکرێت.

ئەو کاسبکارە ٢٨ ساڵەیە بەهۆی سەختی برینەکەی لە لایەن هاوڕێکانی بۆ شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان دەگوازرێتەوە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە.

هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند کە گوللـەکە وەبەر ڕان وکڵۆکی کەوتووە و دۆخی تەندروستی گشتی چاکە.

ئەو هاووڵاتییە خەڵکی گوندی \"قەڵەڕەش\"ی سەربە شاری سەردەشتە.