کاسبکاریکی کورد بەتەقەی ‌هێزە نیزامییەکان کوژرا

22:12 - 14 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی خەڵکی شاری پاوە لە رێگەی نێوان ساوە بۆ تاران بەتەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٤ بانەمەڕ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێوان جاددەی ساوە بۆ تاران، تەقەیان لە ماشێنی کاسبکارێکی کوردی خەڵكی شاری پاوە بەناوی \"نەبی عەبدوڵڵاهی\" کردووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

سەرجاوەیەکی نزیک لەو رووداوە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، هاوکات لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا کاسبکاری دیکەی خەڵکی پاوە بەناوەکانیی \"ساڵح ساڵحی‌فەڕ\" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵكی گوندی \"سەركڕان\" و مەهدی عەبدوڵڵاهی خەڵكی گوندی \"بانەوەڕ\" بە توندی بریندار بوون و بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەو هێزەنە تەنیا بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ تەقەیان لەو ٢ کاسبکارە کوردە کردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە ماوەی ٤٥ رۆژی رابردوودا ٧ کاسبکاری کورد لە نێوان جادەکاندا کوژراون و بریندار بوون کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٥ کەسیان بەتەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژراون و بریندار بوون و هەروەها ٢ کاسبکاری دیکەش بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.