کارەساتی مرۆیی لەزیندانەکانی ئێران و لەهەر یەک رۆژدا سێ حاڵەتی سێدارە

16:04 - 17 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: رەوتی بەربڵاوی سێدارەکان لە ئێران لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا لەگەڵ بێدەنگی ماناداری کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بەرەوڕوو بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی پەیڕوەی ئاینیی یاری کە بە سێدارە مەحکووم کراوە نامەیەکی سەرئاواڵەی سەبارەت بە زەخت و گوشارەکانی سەر بنەماڵەکەی و ناڕوونی چارەنووسی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

فەردین حوسێنی کە خەڵکی سەحنەی ئوستانی کرماشانە لەساڵی ١٣٨٨وە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کراوە و لە زیندانەکانی ئێران ئەشکەنجە دراوە.

لەو نامەیەدا کە نوسخەیەکی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، هاتووە تۆمەتی تیرۆر کردنی یەکێک لە ئیمام جومعەکانی رەتکردوەتەوە و ئەو تۆمەتە بە پیلان و داوی وەزارەتی ئیتلاعات دەزانێ کە بووەتە هۆی شەش ساڵ لە ناڕوونی چارەنووسی.

\"26886.jpg\"
داواکاریی فەردین حوسێنی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و زیندانی قزلحەساری کەرەج تاکوو ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە
لەسێدارەدانی چاوەڕوانکراوی فەردین حوسێنی و داواکاریی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی ئەو حوکمە لە حاڵێکدایە کە لەسێ رۆژی رابردوودا بەرپرسانی زیندانی قزلحەساری کەرەج لانی کەم ٢٥ کەسیان بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە رەوانەی زیندانییە تاکەسییەکان کردووە.

حەفتەی رابردووش ١٢ کەسی دیکە لەئێران لەسێدارە دراون.

بە وتەی چەندین سەرچاوەی ئاگادار تەنیا لە زیندانی قزلحەسار لەماوەی یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە ٨٠ کەس لەسێدارە دراون کە ئێران لەدانی ئاماری راست و دروستی ئەو لە سێدارەدراوانە خۆی دەبویرێ.

هەر لەو پێوەندییەدا رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاندووە کە پێویستە هەر چی خێراتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە رێژی زۆری سێدارەکان وەدەنگ بێت.

ماوەیەک لەمەوبەریش ٢٢٠ نوێنەری پارلمانی یەکیەتی ئورووپا نامەیەکیان لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لەئێران بڵاو کردبوویەوە کە تێیدا داوایان لە حکوومەتی ئیسلامی ئێران کردبوو کە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی رێژی سێدارەکان وەگەڕ بخات.

ئەو نامەیە کەمترین کارتێکەری لەسەر ناوەندەکانی داکۆکاری مافی مرۆڤ هەبوو.
بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، تەنیا لە ماوەی ١٧ رۆژی مانگی جۆزەرداندا، ٦٢ هاووڵاتیی لە ئیران لەسیدارە دراون کە ٥ کەسیان کورد بوون.

لەساڵی ٢٠١٤دا زیاتر لە ٧٠٠ کەس لەئێران لەسێدارە دراون.