٦٥ کارگەی بەهەرمهێنانی چایی لە باکووری ئێران داخران

14:46 - 5 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: کارگەکانی بەرهەم هێنانی چایی لە باکووری ئێران بەرەوڕووی قەیرانی داخران بوونەتەوە و ٦٥ کارگەیان بە یەکجاری داخراون.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\" لە زاری \"بێهزاد سازەندە\" جێگری بەرپرسی سەندیکای کارگەکانی چایی باکووری ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، کە بەهۆی سیاسەتی نابەرپرسانەی دەوڵەت لە بواری کڕینی گەڵای سەوزی چایی لە ورزێڕانی ئەو پیشەیە، زیاتر لە ٦٥ کارگەی بەرهەمهێنانی چایی لە باکووری ئێران داخراون.

لە کۆی ١٨٠ کارگەی بەرهەمهێنانی چایی لە باکووری ئێران، ٦٥ کارگەیان داخروان و ١١٥ کارگەش بە شێوەی نیوەچڵی کار دەکەن.

داخرانی ئەو رێژە کارگەیەی بەرهەمهێنانی چایی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر باری ژیانی ٦٠ هەزار بنەماڵەی وەرزێڕ و سەرجەم ٣٢٥٠ کرێکاری کارگەکانی بەرهەمهێنانی چایی لە دوو پارێزگای \"گیلان و مازندەران\" لە باکووری ئێران هەبووە کە بێکار بوون.

بە وتەی\"بێهزاد سازەندە\" جێگری بەرپرسی سەندیکای کارگەکانی چایی باکووری ئیران، کارگەکانی بەرهەمهێنانی چایی لە ساڵانی پێشوودا ساڵانە ٦٥ هەزار تون چاییان بەرهەمهێناوە کە بەهۆی کێشە و گرفت لە بواری بەرهەمهێنانی پیشەی چاییدا ئەو رێژەیە بۆ ٢٠ هەزار تون دابەزیوە.