کاروانی کۆڵبەرانی کورد لەناوچەی پیرانشار کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییەکانەوە

20:35 - 8 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەناوچەیەکی شاری پیرانشار کاروانێکی کۆڵبەر و کاسبکارانی کورد کەوتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و بەو هۆیەوە دوو کۆڵبەر بریندار کراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە نێوان شاری پیرانشار و شنۆ دراونەتە بەر دەستڕێژی چەک.

لەئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا دوو کۆڵبەر بە توندی بریندار بوون و دەوترێت کە فیشەک بەر چەنە و لاقیان کەوتووە.

هەر لەو دەستڕێژییەی هێزە نیزامییەکاندا ١٠٥ سەر ئەسبی بارهەڵگری کاسبکارانیش بە کوشت چوون.

یەکێک لەو کۆڵبەرانەی کە لەگەڵ کاروانەکە بووە بە هەوالنێری کوردپای وتووە، ئەو تەقەکردنە لە شوێنێک بە ناوی ناوچەی سەربزێر لە نیوان شاری پیرانشار و شنۆ روی داوە.

ئەو کۆڵبەرە باسی لەوەش کردووە، گومانی ئەوە دەکرا کە ‌هێزەکانی سوپای پاسداران بە هاوکاری هیزی ئینتزامیی ئەو بۆسەیەیان دانابێتەوە.

دەوتڕێت بۆنی کەلاک و لاشەی ئەو ئەسبە کوژراونە سەرجەم ناوچەکەی گرتووەتەوە و تەنانەت خەساری بە ژینگەش گەیاندووە.