کارخانەکانی خیز لە شنۆ مەزراکانی خەڵک داگیر دەکەن

10:44 - 8 خەزەڵوەر 2720

کارخانەکانی خیز لە شنۆ کە لە سەر ڕووباری گادەر دامەزراون و بێ هیچ ستاندارێک کاری وەبەرهێنانی خیز دەکەن؛ لە هەمانکاتدا زەوی و مەزرا کشتوکاڵییەکانی خەڵکیش داگیر دەکەن.

خەڵک ناڕەزایەتییان دژی کارخانەکانی خیز دەربڕیوە بەڵام هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن چونکە ئەو ئاشی خیزانە باج بە حکوومەت دەدەن هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و حکوومەتیش پشتیوانیان لێوە دەکات.

دانیشتووانی گوندی تاژاندەرێ سەر بە شاری شنۆ باس لەوە دەکەن ئەو ئاشی خیزانە زەوییەکانی کشتوکاڵی تێک دەدەن و هەتا ئێستاش ناڕەزایەتییەکانیان به هیچ ئاکامێک نەگەیشتووە.

بە وتەی هاووڵاتییان دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتیش ئاسانکاری بۆ خاوەن کارخانەکانی خیز دەکەن کە بتوانن خیزی ڕووبارەکە هەڵبگرن.

هەڵگرتنی خیز لە بەستێنی ئەو ڕووبارە دەبێتە هۆی ئەوەیکە مووچە، مەزرا، بە تایبەتی باغاتی گوندەکان زیانێکی جیدیان بەر بکەوێت.

ماوەی چەند ساڵە کارخانەکانی خیز لە شنۆ بێ گوێدان بە هیچ ئوسولێکی ژینگەپارێزی مافی وەرزێڕان و خەڵک پێشێل دەکەن.