ژینا حەسەنی‌موقەدەم ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کرا

10:52 - 16 پووشپەڕ 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژینا حەسەنی‌موقەدەم، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی سەقز، پاش دەسبەسەرکرانی بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی ئەو شارە کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ژینا حەسەنی‌موقەدەم، ڕۆژی هەینی ٢٨ی جۆزەردان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو هاووڵاتییە کە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا یەک جار پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "ژینا حەسەنی‌موقەدەم بە دەسبەسەرکرانی بە شێوەی کاتی ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و تەربییەتی سنە کراوە و لەم ماوەیەدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ژینا حەسەنی‌موقەدەم، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بنەماڵەکەی و وەرگرتنی "ئەماننامە" لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، بۆ شوێنی لەدایکبوونی گەڕابووەوە.