ژومارەی ئاوارەكانی سوریە لە توركیە نزیك بە 100 هەزار كەس بۆتەوە

14:31 - 11 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: بەپێی ئامارێكی فەرمیی توركیە، رێژەی هاووڵاتییانی ئاوارەی سووریە لە كەمپەكانی توركیە لە 100هەزار كەس نزیك بۆتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی حاڵەتە لە ناكاوەكان لە توركیە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، هەتا ئێستا 93 هەزار و 573 هاووڵاتیی خەڵكی سووریە وەك ئاوارە ناویان تۆمار كراوە و لە 13 كەمپ لە پارێزگاكانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیە نیشتەجێ كراون.

ئەو بەڕێوەبەرایەتییە كە راستەوخۆ لەلایەن نووسینگەی سەرك وەزیریی توركیەوە چاوەدێری دەكرێت، ئاماژەی بەوەش داوە، جگە لەو ژمارەیە، سەدان كەسی‌تر لە هاووڵاتیانی سووریە هاتوونەتە ناو خاكی توركیەوە كە هەتا ئێستا ناویان تۆمار نەكراوە.

جیا لە وڵاتی توركیە، ئاوارەكانی وڵاتی سووریە كە بەهۆی ئاڵۆزییەكانەوە ئەو وڵاتەیان بەجێ‌ هێشتووە لە لوبنان، لیبی و هەرێمی كوردستان نیشتەجێ‌ بوون كە بەپێی ئامارەكانی هەرێمی كوردستان نزیك بە 24 هەزار ئاوارەی خەڵكی سووریە لە چەندین كەمپدا نیشتەجێ‌ بوون كە زۆربەیان كوردی ناوچە كوردنشینەكانی كوردستانی سووریەن.