ژنە چالاکێکی کورد لە زیندانی سنە، دەستێکی شکا+وێنە

20:53 - 12 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی داکۆکیکاری مافی ژنان لە کوردستان، لە کاتی راگواستن بۆ زیندان و لە ئەنجامی کەوتن بە زەویدا دەستێکی شکا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو مەنیژە سادقی لە کاتێکدا کە بە مەبەستی تێپەڕ کردنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی شاری سنە کرابوو، دەستێکی شکاو بەو هۆیەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

ئەو ژنە چالاکە کوردە کەلە نەخۆشخانەی شاری سنە خرابوویەوە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە، کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە رەوانەی زیندانی سنە کرابوویەوە.

بە گوتەی کەسووکاری مەنیژە سادقی، ناوبراو نەخۆشیی فشاری خوینی هەیە و بەردەوام سەریشی لە گێژەوە دێت.

ئەو ژنە چالاکە، شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی شاری سنە، نەشتەرگەریی ئێسکی دەستی بۆ کراوە.

\"25786.jpg\"
مەنیژە سادقی لە کاتێکدا کە بە مەبەستی تێپەڕ کردنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی شاری سنە کرابوو، دەستێکی شکا
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری کەوتنە سەر زەویی ناوبراو روون نەبۆتەوە، بەڵام دەگوترێ هێزە ئینتزامییەکان هۆکاری سەرەکیی دەست شکانی ناوبراو بوون.

مەنیژە سادقی، کە لە بواری منداڵانیشدا چالاکە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی سەرماوەزی ساڵی رابردوو لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراو پاش ٥ رۆژ دەستبەسەری، بە دانانی ٤٠ ملوێن تمەن بارمتە، بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو ساڵی ٨٩ش لە کاتێکدا کە بۆ ئاگادار بوون لە حوکمی دادگای پێداچوونەوە سەردانی دادگەی ئینقلابی سنەی کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.