ژنە هاووڵاتییەکی بەندکراو بۆ ڕزگاری لە ئێعدام پێویستیی بە یارمەتیی ماڵی هەیە

12:39 - 11 جۆزەردان 2721

ژنە هاووڵاتییەک بە ناوی "محەببەت مەحموودی"، خەڵکی ورمێ کە لە ٢٠ ساڵ لەمەوبەر هەتاکوو ئێستا بە تۆمەتی "قەتڵی بەئەنقەست" لە زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، بۆ ڕزگاری لە پەتی سێدارە پێویستیی بە یارمەتیی ماڵی هەیە.

بنەماڵەی کوژراوەکە بۆ لێخۆشبوونی ئەو ژنە بەندکراوە داوای ١ میلیارد تمەنیان کردووە و هەتا ئێستا ٢٤٠ ملیۆن تمەن، لەلایەن خێرخوازان و چالاکانی مەدەنی کۆ کراوەتەوە.

محەببەت مەحموودی، ڕۆژی ١ی بانەمەڕی ١٣٨٠ لە ماڵەکەی خۆیدا لە ورمێ، تووشی قەتڵی پیاوێک بووە کە دەوترێت بە ئامانجی "دەسدرێژی" بە چەقۆوە هاتووەتە ماڵی ناوبراو.

ئەو ژنە هاووڵاتییە، دواتر لە لقی ٢٢ی دادگای کەیفەریی ورمێ، بە تۆمەتی "قەتڵی بەئەنقەست" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵاتەوە پێشێل و پاش ناردنی دۆسیەکەی بۆ لقی هاوتەریب لە لقی ١٠٦ی دادگای جەزایی ورمێ، ناوبراو بۆ دووهەمین جار بە ئێعدام کرابوو.

دادوەرانی دادگای سەرەتایی و پێداچوونەوە، داکۆکییەکانی پاریزەری محەببەت کە ئەو قەتڵەی بە "داکۆکییەکی ڕەوا" زانیبوو، ڕەت کردوونەتەوە.

محەببەت مەحموودی دایکی پێنج منداڵە و هەوڵی خێرخوازان و چالاکانی مەدەنی بۆ ڕزگاریی ناوبراو لە ئێعدام درێژەی هەیە.