ژنە رۆژنامەنووسێکی مەهابادی خەڵاتی یەکەمی كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی بەدەستهێنا

17:29 - 2 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژیلا کەریمی ژنە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بەنووسینی رێپرتاژێک لە سەر ژیانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، خه‌ڵاتی یه‌كه‌می كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی (باكووری عێراق)ی به‌ده‌ستھێنا.

ژیلا کەریمی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، بە نووسینی ٣ راپۆرت کە راپۆرتێکیان ئاوێتەیەک لە ژیانی ژنە کوردێکی خەڵکی سووریە و ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ژیانی خۆم وەک ژنە کوردێکی رۆژنامەنووس و ئاوارەی هەرێمی کوردستان، لەلایەن لێژنەی تایبەتیی کۆمیسیۆنی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە وەک براوەی خەڵاتی یەکەم بۆ دادکۆکی لە مافی پەنابەران، دیاری کرام.

کەریمی ئاماژەی بەوەش کرد، من لەو راپۆرتانەدا ئاوڕم لە ژیانی ژنان دابوویەوە کە وەک دایک لە ئاوارەییدا زۆربەی ئەرکەکانی بنەماڵەی لە ئەستۆیە و لە هەمان کاتدا خەم بۆ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەشی دەخوات، بۆیە ئەو راپۆرتە لەو رەهەندەوە لەگەڵ راپۆرتەکانی دیکە جیاوازیی هەبوو.

ئەو رۆژنامەنووسە راشیگەیاند، مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ ورکشۆپێک لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخراو و داوایان لە سەرجەم میدیاکانی هەرێمی کوردستان کرد بە ناردنی راپۆرت، پرس و کێشەکانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بخەنە بەر باس و دواتریش باشترین راپۆرت لە نیوانیاندا هەڵدەبژێردرێت.

ژیلا کەریمی وەک تاکە ژنی رۆژنامەنووس لە نێوان ٦٠ میدیای هەرێمی کوردستان لەو ورکشۆپەدا بەشداری کردبوو، کە سەرئەنجام توانی بە نووسینی باشترین رێپۆرتاژ کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدرابوو، وەک نەفەری یەکەم دەستنیشان کرا.

ژیلا کەریمی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایکبووەو هەتا قۆناخی زانکۆ لەو شارە درێژەی بە خوێندن داوەو ماوەی ١٠ ساڵ لە قوتابخانەکانی ئەو شارە کاری مامۆستایەتی کردووە.

ناوبراو ساڵی ١٣٨٣ هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی ناچار بە بەجێهێشتنی زێدی خۆی کراوە و لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان گیرساوەتەوەو هەنووکە لە رۆژنامە و میدیاکانی هەرێمی کوردستان وەک ژنە رۆژنامەنووسێکی چالاک سەرقاڵی کار کردنە.