ژنێکی کرێکار بەهۆی بەربوونەوەی باڵابەر، بریندار بوو

11:43 - 22 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژ، ژنێکی کرێکاری کورد بە ناوی "سەمانە کەرەمی" تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "زەردە"ی شاری داڵاهۆ، لە کاتی کارکردن لە بینایەکی نیوەکارەدا، بەهۆی بەربوونەوەی باڵابەر بەسەریدا، بەسەختی بریندار بوو.

ئەو کرێکارە کوردە یەکێک لە بنەماڵە بوومەرزەلێدراوەکانی شاری داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان بووە و لە کاتی دروستکردنی بینا، تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

"سەمانە کەرەمی"، لە کاتی ئەو ڕووداوەدا دووگیان بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی "حلوان" لە شاری سەرپێڵ ‌زەهاو کراوە.

سەرچاوە خۆجێییەکانی داڵاهۆ بڵاویان کردووەتەوە کە پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە تەنیا دەتوانن گیانی "سەمانە" یان کۆرپەکەی لە مردن ڕزگار بکەن.

"سەمانە کەرەمی" دوو منداڵی کەم تەمەنی دیکەی هەیە.