ژنێکی لاو لەلایەن براکانییەوە بە تاوانی "نامووسیـ"ـی کوژرا

10:25 - 11 سەرماوەز 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەز، ژنێکی لاو بە ناوی "سەرگوڵ حەبیبی" تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی گوندی "سوورواز"ی بەخشی ناوەندیی شاری سنە، لەلایەن براکانییەوە، کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە لاوە، خێزاندار بووە و بەهۆی کێشەی نامووسی لەلایەن براکانییەوە، کوژراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند:"سەرگوڵ حەبیبی بەهۆی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ کەسێکی دیکە، لەلایەن سێ براکانییەوە، ئەنجن ئەنجن کراوە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو ڕووداوە ڕایگەیاند: "تەرمی ئەو ژنە لاوە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی ڕۆژی ڕابردوو، بە بەشداریی ٥ هەتا ٦ کەس ئەسپەردەی خاک کراوە".

ئەو ژنە تەمەن ٣١ ساڵەیە بووەتە قۆربانیی کێشەی ژن‌کوژی لە شاری سنە و هەتا ئێستا بکوژەکان خۆیان ڕادەستی پۆلیس نەکردووە.

بەپێی مادەی ٢٢٠ ی یاسای سزای ئێران، "لە کاتێکدا باوک یان باپیری -لەلایەن باوکەوە- منداڵەکەی خۆیان بکوژن قیساس ناکرێن و بە دانی دیەی کەسی کوژراو، بکوژەکە بە شێوەی تەعزیری حوکم دەدرێت.