ژنێکی دێولانی بە دەستی مێردەکەی کوژرا

17:37 - 26 سەرماوەز 2720

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز، ژنێکی لاو بە ناوی "ئازادە مرەوەتی" تەمەن ٢١ ساڵ دانیشتووی گوندی "تیلەکۆ"ی شاری دێولان، بە لێدانی چەند زەربە چەقۆ لەلایەن مێردەکەیەوە بە ناوی "ئەرسەلان سەفەری" تەمەن ٢٥ سال، کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە لاوە بە لێدانی چوار چەقۆ لەلایەن مێردەکەیەوە کوژراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو ڕووداوە بەهۆی کێشەی بنەماڵەیی ڕووی داوە و هاوژینی کوژراوەکەش لەو ڕووداوە بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە".

فەرماندە ئینتزامیی دێولان لەو پەیوەندییەدا، بە هەواڵدەرییەکانی ڕایگەیاندووە: "مەئمووران بە مەبەستی تەواوکردنی دۆسییەکە سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو و لە  لێپرسینەوەکەدا، بکوژەکە دانی بە تاوانی کوشتنی ژنەکەی نابوو و هۆکارەکەی بۆ کێشەی بنەماڵەیی گەڕاندبووە".

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی سەرماوەز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە کوژرانی ژنێک لەلایەن مێردەکەیەوە لە شاری داڵاهۆ بڵاو بووەوە.

لەو پەیوەندییەدا، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز، وەفا عەبدوڵڵازادە" خەڵکی شاری سەردەشت، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠هەتاوی و دایکی دوو کوڕ، بە بیانووی پاراستنی نامووس، لەلایەن براکانییەوە کوژرا.

هەروەها، هەروەها، ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەز، سەرگوڵ حەبیبی، تەمەن ٣١ ساڵ خەڵکی شاری سنە، خێزاندار و دایکی دوو منداڵ، بە بیانووسی پاراستنی نامووس بە چەقۆ، لەلایەن براکانییەوە کوژرا.