ژنێکی دیکە لە پەیوەندیی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنانی بێ‌حیجاب لە کرماشان دەسبەسەر کرا

10:54 - 20 سەرماوەز 2720

بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی پاڕێزگای کرماشان ژنێک کە وێنەی لە مانکنە زیندووەکانی یەکەی سێنفی گرتبوو دەسبەسەر کردووە.

بە دەسبەسەرکردنی ئەم ژنە هاووڵاتییە ئەمە پێنجەمین هاووڵاتییە کە لە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەز، لە پەیوەندیی لەگەڵ وێنەی مۆدلینگی جلوبەرگ لە کرماشان دەسبەسەر دەکرێن.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەز، چوار کەس، ؛لەوانە دوو مانکن و دوو وێنەگر لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرابوون.

 لەو پەیوەندییەدا، خاوەن دووکانێک لە یەکێک لە پاساژەکانی کرماشان کە لە ژنان وەکوو مانکەنی زیندوو کەڵکی وەرگرتبوو، لە سەر بڕیاری دادستانیی ئەو شارە ئەو خاوەن دووکانە دەسبەسەر و دووکانەکەی پۆلۆمپ کرابوو.

شەهرام کەرەمی، دادستانیی کرماشان لەوبارەیەوە ڕایگەیاندبوو: "خاوەنی ئەو فرۆشگایە لە پاساژێکی کرماشان لە ژنان بۆ ڕێکلامکردن کەڵکی وەرگرتووە و هەروەها بە هاوکاریی ژنانی بێ‌حیجاب پڕۆپاگەندەی بۆ فرۆشتنی جلوبەرگەکانی دووکانەکەی کردووە".