ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ لە بەخشی سوومار بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو

12:18 - 3 خاکەلێوه 2721

بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە بەخشی سوومار سەر بە شاری قەسری شیرین، ژنە هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵ، بریندار بوو.

ئەو ڕووداوە لە ناوچەی "چەقاحمامـ"ـی بەخشی سوومار سەر بە شاری قەسری شیرین ڕووی داوە.

فەرماندەی هێزه نیزامییەکانی شاری قەسری شیرین لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "ئەو ژنە تەمەن ٤٠ ساڵەیە، لە کاتی تێپەڕین لەو ناوچەیە، یەکێک لە مینە بە جێماوەکان پێدا دەتەقێتەوە و لەو ڕووداوەدا، ئەو ژنە لاقی چەپی بریندار بووە".

ئەو ژنە هاووڵاتییە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

شاری سوومار کەم  حەشیمەترین شاری ئێرانە و لە سنووری ئێران و عێراق هەڵکەوتووە و هەتا شاری مەندەڵی ١٥ کیلۆمێتر مەودای هەیە.