ژنێک و کچێک خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و سنە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

12:31 - 21 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەز، کچێکی لاو خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی "نیگار عەزیزی" (پەریووەش)، کچی حوسێن، بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو ژنە لاوە، ماوەی یەکساڵە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و لەو ماوەیەدا، لەگەڵ مێردەکەی کێشەیان هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند:  نیگار لە ڕێگای خۆهەواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، کچێکی لاو خەڵکی شاری سنە، لە سێڕیانی "شاڵمانـ"ـی ئەو شارە، لەسەر پرد خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بووەتە هۆکارێک کە هیوا بە ژیان لە نێو هاووڵاتییان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کەم ببێتەوە.