ژنێک لە سنە بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی گیانی لێ ئەستێندرا

22:41 - 7 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێک لە شاری سنە و لەکاتی تەڵاق وەرگرتن لە مێردەکەی، لەلایەن مێردەکەیەوە بە زەبری فیشەک کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٧ی بانەمەڕ ژنێک هاوڕێ لەگەڵ مێردەکەی خۆی بەناوی \"خالید \" بەمەبەستی لێک‌جیابوونەوە \"سەردانی ماڵی مەلا \"ع . ک\"یان لە گەڕەکی فەیزاوای شاری سنە کردووە و لە ئەنجامی دروست بوونی کێشە لە نێوانیاندا، بەدەستی مێردەکەی خۆی کوژراوە.

سەرچاویەکی ئاگادار لەو رووداوە بەهەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کە \"خالید\" کەسێکی سەربە سپای پاسداران و چەکی حکوومەتی پێ‌بووە کە لە ئەنجامی ئەو کێشەیەدا ٥ فیشەکی لە ژنەکەی خۆی بەناوی \"رەعنا راعدی\" داوە و ژنەکەی دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەو سه‌رچاوه‌یه‌ئەوەشی خسته‌روو، كه‌ئەو ژنە ماوەی جەندین مانگە بەهۆی خراپیی مێردەکەیەوە لە دادگا سکاڵای تۆمار کردبووە، بەڵام بەهۆی ئەوە کە خالید کەسێکی سەربە سپای پاسداران بووە، دادگا هیچ وەڵامێکیان بە ئەو ژنە کوردەخەڵکی سەرشیوی سەقز نەداوەتەوە، بۆیە ناوبراو ویستوویەتی بەشێوەی غیابی لەلای ئەو مەلایە تەڵاق لە مێردەکەی وەربگرێت.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە کاتێک خالید زانیویەتی چووەتە ماڵی ئەو مەلایە و لەگەڵ ژنەکەی کێشەیان لێ پەیدا بووە لە ئەنجامدا ٥ فیشەکی لە ژنەکەی داوە و گیانی لێ ئەستاندووە.