ژنانی کورد ئیتر ناترسن

15:04 - 22 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێک لە وێنەی ژنان و کچانی کوردستان لە پێناو \"کپکردنی عەقڵی دواکەوتوو\" تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکی تەنیەوە.

دەستبەکاربوونی کەمپەینی \"ئێمەی کچان و ژنانی کوردستان ئیتر لە بڵاوبوونەوەی وێنەکانمان ناترسین\" پێشوازیی بەربڵاوی لێ کرا.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش بانگەوازی ژنە چالاکێکی خەڵکی سلێمانی بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەی ژنان و کچان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەزارن بەکارهێنەری ئینتێرنێت پشتیوانییان لەو هەڵوێستەی ناوبراو کرد.

هەشتەگیKurdistanwomenpower# لەنێو ژنانی کوردستانی ئێرانیشدا گرنگی پێ درا و بە زیادکردنی وێنەی خۆیان لە فەیسبووک، پەرچەکرداریان نیشان دا.

لەنجە خاوێ وەک داهێنەری ئەو کەمپینە، دەنووسێت: ئێمە بڕوای تەواوەتیمان بە خۆمان ھەیە. ناترسین لەو ھەڕەشانەی كە لە ڕێگای تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە پێمان دەگات. چیتر ئێمە لەترسی بردن و بڵاوبوونەوەی وێنەكانمان خۆمان ناشارینەوە.

هۆکاری ئەو کەمپەینە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێشتر لە ئینستاگرام، کەسێک بە ناردنی پەیامی هەڕەشەئامیز بۆ لەنجە خاوێ گوتبووی کە؛ \"وێنەکەت بڵاودەکەمەوە تاکوو ڕیسوا بی\".

شایانی باسە کە؛ بەشیکی بەرچاو لە ژنانی چالاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پشتگیرییان لە بانگەوازی لەنجە خاوێ کردووە و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەرچەشنە عەقڵێکی دواکەوتووانە دەربڕیوە.

پێشتر لە کوردستانی ئێرانیش کەمپەینی پاڵپشتی لە ژنانی کورد، کچانی دووچەرخەسوار و ... ڕێکخرابوون و لەلایەن پیاوانیشەوە پاڵپشتی بەرچاوی لێ کرا.