ژمارەیەک لە مامۆستایانی قوتابخانەی پارێزگاکانی ئێران دەسبەسەر کران

21:35 - 20 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: له تێکڕای شارەکانی ئێران و کوردستان، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستای قوتابخانەکان، مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، مامۆستایانی ناڕازی لە سەرتاسەری ئێراندا بە هاتنە سەر شەقام، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە خواستەکانیان بوون.

مامۆستایانی شارەکانی تاران، ساری، کرماشان، قورووە، دیواندەڕە، شیراز، کازروون، ئیسفەهان، مەریوان، تەورێز و خۆڕەمئاوا لەو شارانە بوون کە ناڕەزایەتییان لە هەمبەر خرابی ژیان و گوزەڕانیان دەربڕی.

لە شارەکانی کوردستان، مامۆستایان بە چوونە بەردەم ئیدارەی پەروەدە و بە هەڵگرتنی پلاکارد و نووسراوە، ناڕەزایەتیی خۆیان لە دۆخی خراپی مووچە و ژیانی خۆیان دەبڕی.

ئامانجی فەرهەنگیان ناڕازیی لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، بەدوای بانگەوازی \"شۆرای هاوئاهەنگی کانوونی سێنفی مامۆستایانی ئێران\" بەڕێوەچووه و ناڕەزایەتی مامۆستایان \"کەمیی پارە تەرخان کراوەکان بۆ بارهێنان و مووچەی خوار ژێر هێڵی هەژاری\" ڕاگەیەندراوە.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا که لە بەردەم بینای پەروەردە و بارهێنانی شارەکانی ئێران و ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە بەڕێوەچوو، مامۆستایان لەگەڵ هەڵسوکەوتی هێزە ئینتزامییەکان بەرەڕوو بوونەوە و لەو پەیوەندییەدا، چەندین مامۆستا دەسبەسەر کراون.

شوناسی مامۆستایانی دەسبەسەر کراوە بەم چەشنە ڕاگەیەندراوە: \"محەممەد تەقی فەلاحی،بەڕێوەبەری کانوونی سێنفی شاری تاران، محەممەد حەبیبی، ئیسماعیل گرامی، عەلی زولفی، عەلی پیروز، محەممەد حەسەن‌پوور و ڕەسووڵ بوداقی\".

یەکێک لە ئەندامانی هەیئەت مودیرەی کانوونی سێنفیی مامۆستایانی شاری تاران، لە تویتێری شەخسیی خۆیدا باسی لە لێدانی \"وحشیانە\"ی هێزە ئینتزامییەکان له هێندێک لە بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەی شاری تاران کرد.

لە بڕیار‌نامەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی فەرهەنگیاندا هاتووە، پێڕانەگەیشتن بە ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی خانەنشین و دامەزراو، پشتگوێ خستنی چۆنیەتی بارهێنان لە قوتابخانەکان نیشانەی ئەوەیه کە پەروەردە و بارهێنان لە ئەولەویەتی ناوەندەکانی دەسەڵات و بەرپرسانی دەوڵەتی دا نییە\".

بەپێی ئامارەکان، لە وڵاتی ئێراندا نزیک بە ١ میلیۆن و نیو مامۆستا ئەرکی وانە وتنەوە بە ١٤ میلیۆن قوتابیان لە ئەستۆیە.