ژمارەیەک لاوی کورد لە ورمێ دەسبەسەر کران/ دۆخی ئەمنیەتی لەو ناوچەیەدا زاڵە

22:11 - 5 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەمنیەتی بوونی ناوچە سنوورییەکانی، ژمارەیەک لاوی کورد لە ناوچە جۆراوجۆرەکان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهمەن هاشم‌پوور و سلێمان نیکزاد ناوی دوو کەس لەو دەسبەسەرکراوانەیە کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا بە هاوکاریی هێزە بوومییەکانی سەربە ئیتلاعات دەسبەسەر کراون.

هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە زاری دانیشتوویەکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ رایگەیاند: \'\'حوسێن بریوان ناوی یەکێک لە دەست و پێوەندییەکانی سپای پاسدارانە کە بەردەوام لە حاڵی هەڕەشە و ئازاردانی خەڵک لەو ناوچەیە دایە\'\'.

هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیە بە کوردپای وتووە: عیسا خودایی یەکێکی دیکە لە دەست و پێوەندییەکانی ئیتلاعاتە کە هاوڕێ لەگەڵ حوسێن بریوان لە دەسبەسەرکردن و ئازاردانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەدا دەستی هەیە.

ئاوات ئەمینی و ئەمیر عەبدوڵلاهی ناوی دوو دەسبەسەرکراوی دیکە کە پاش چەند رۆژ گیران لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە، ئازاد کراون.

هەتا ئێستا هۆکار و شێوەی دەسبەسەرکران و تۆمەتی ئەو دوو لاوە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا ناڕوونە.

لەم پێوەندییەدا و بەپێی راپۆرتەکان، ئاماری دەسبەسەرکراوانی چەند رۆژی رابردووی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و ناوچە، ٣٠ کەس بەراورد کراوە، بەڵام دۆزی پۆلیسیی ناوچە، ئیمکانی رووماڵکردنی ئەو هەواڵانەی دژوارتر کردووەتەوە.

هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان لەو بڕوایە دان کە زیادبوونی گوشارەکان بەهۆی حوزووری هێزە نیزامییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی شنۆ دایە.

چەند رۆژ پێش ئێستا و لە راستای حوزووری پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، هێزەکانی پارتی کارێکارانی کورستان ژماریەەک لە هێزەکانی حیزبی دێموکراتیان کردە ئامانجی هێرشی خۆیان و پاش چەند کاتژمێر دەرگیری، ژمارەیەک لە هێزەکانی هەر دوو لا بریندار بوون.