ژمارەیەك حاجی لە ئێران بە تاوانی هەڵگرتنی تریاك دەستبەسەر كران

03:11 - 25 رەزبەر 2711
كوردپا: زیاتر لە 90 كەس لەو كەسانەی كە بەمەبەستی حەج كردن رەوانەی عەرەبستان بوون، بە تاوانی هەڵگرتنی زیاتر لە یەك كیلۆ تریاك لە فڕۆكە خانەكانی حكوومەتی ئێران دەستبەسەر كران.
هەواڵدەریی فارس بڵاوی كردەوە: محەمەد مەسعوود زاهیدیان لێپرسراوی ناوەندی خەبات بە دژی مادە هۆشبەرەكان رایگەیاند، لە یەك حەوتووی رابردۆوە هەتا ئێستا زیاتر لە یەك كیلۆ تریاك لەو كەسانەی كە مەبەستی چوون بۆ حەجیان هەبوو، زەوت كراوە.
بە وتەی زاهیدیان، لەو پێوەندییەدا 91 كەس دەستبەسەر كراون كە 53 كەسیان پیاو و 38 یشیان ژن بوون.
ئەو لێپرسراوە وتیشی، گوزرەرنامەی دەستبەسەركراوەكان باتڵ دەكرێتەوە و بۆ هەمیشە ئیزنی سەفەری دەرەوەی وڵاتیان نابێت.
لێپرسراوی ناوەندی خەبات بە دژی مادە هۆشبەرەكان لەو باوەڕە دایە، حاجیە ئێرانییەكان ئەو بڕە مادە هۆشبەرانەیان بۆ بەكارهێنانی خویان هەڵگرتووە.
لە یەك حەوتووی رابردۆوە هەتا ئێستا 30 هەزار كەس لە وڵاتی ئێرانەوە بە مەبەستی زیارەتی حەج سەردانی عەرەبستانیان كردووە.