ڕەوتی گران بوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە ئێران دۆم دەکات

20:46 - 13 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کرد؛گرینگترین پێداویستییە ڕۆژانەکانی هاووڵاتییان زۆرترین گرانیی و بەرزبوونەوەی نرخیان بەخۆیانەوە بینیوە.

لە حاڵێکدا دەوڵەتی ڕووحانی بانگەشەی “تەک ڕەقەمی” کردنی نرخی هەڵاوسانی ئابووریی دەکات، بانکی ناوەندیی ئێران، کە ناوەندێکی فەرمیی ڕاگەیاندنی ئامار بە ئەژمار دێت، ڕێژەی گران‌ بوونی نرخی کەلوپەل و جۆرەکانی خواردنی لە نێوان ٣% بۆ لەسەدا ٣٣ ڕاگەیاندووە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی مێهر بڵاوی کردەوە؛ نرخی ٦ دەستە لە مادە خۆراکییەکان و پێویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک لە حەوتووی یەکەمی مانگی بانەمەڕ بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشوو گرانتر بوون کە بریتین لە؛ شیرەمەنییەکان و هێلکە، دانەوێڵە و برنج، میوە و سەوزی، گۆشتی سوور و گۆشتی مریشک، قەند و شەکر و چایی و ڕۆن.

ئەو ئامارە باس لە گرانبوونی ٩.٤ لەسەدی خواردن و خواردنەوەکان، ٩.٥ لەسەدیی نان و دانەوێڵە، ٤.٥ لەسەدیی شیرەمەنی، جۆرەکانی گۆشت ٢.٩ هەتا ١٢.٩ لەسەد و قەند و ڕۆنیش ٩.٧ لەسەد کردووە.

هەروەها جلو بەرگ لەسەدا ٨.٢، دەوا و دەرمان ١٤.٤، خانوو، ئاو، برق و گاز و سووتەمەنی لەسەدا ٣٣.٣، کرێ خانوو لەسەدا ١٠.٨ و هەروەها کرێ ماشین لەسەدا ٩ ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

گران بوونی کەلوپەلەکان لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئێستا حەسەن ڕووحانی ڕایگەیاندبوو، نەرخی کەلوپەلەکان لە ئێراندا بەپێی داهات و گیرفانی خەڵک دیاری کراوە؛ بانگەشەی حەسەن ڕووحانی لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئیستا ناوەندی ئاماری ئێران ڕاپۆرتێکی لەمەڕ هەژارتر بوونی هەژاران و دەوڵەمەندتر بوونی دەوڵەمەندەکان بڵاو کردەوە.

پێشتریش ئەحمەدی نەژاد، سەرکۆماری پێشووی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پرسی هەژارتربوونی هەژاران و چینی مامناوەندی بە دەسەسەری، ناڕاست و بێ بنەما لەقەڵەم دابوو.