ڕەشید ناسرزادە بە "پێبەندی ئەلکترۆنیکی" لە زیندانی شنۆ ئازاد کرا

17:35 - 17 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر، "ڕەشید ناسرزادە" چالاکی ژینگەپارێزیی خەڵکی شنۆ، بە پێبەندی ئەلکترۆنیکی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە ژینگەیە بە لە پێی کردنی پێبەندی ئەلکترونیکی ئازاد و هەتا ماوەی تەواو بوونی زیندانییەکەی لە ژێر چاوەدێری سامانەی ئەلکترونیکی دا دەبێت.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، ئەو چالاکە ژینگەیە پاش خۆناساندنی بە بەشی جێبەجیکردنی تاوانەکانی دادگای شنۆ، بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شنۆ، بە ٦ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بە ١٨ مانگ زیندان کەم کرابووەوە.

دادگا ئەو چالاکە ژینگەپارێزییەی بە "کۆبوونەوە و تەبانی بەنیسبەت ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی نەتەوەیی و چالاکی و بانگەشە لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی نیزام" تۆمەتبار کردبوو.

دادگا بە پشتبەستن بە مادەکانی ٥٠٠ و ٦١٠ لە بەشی یاسای تەعزیرات و پێشگرتن لە تاوانەکانی یاسای سزای ئیسلامی، ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەنیسبەت ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی ئێران" بە ٥ ساڵ  زیندانیی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو.

داسەپاندنی ئەو حوکمە بەسەر ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ و مەئموورانی دادوەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ بووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی نیزام" بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتی و مادەی ٤ی ئایینی دادڕەسیی کەیفەری بێتاوان ناسرابوو.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە جادەی پیرانشار ـ شنۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

"ڕەشید ناسرزادە" ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش ٤٤ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.