ڕەشترین پەروەندەی گەندەڵی لە مێژوی ئێران تۆمار کرا

21:21 - 30 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: جێگری یەکەمی حەسەن ڕوحانی باسی لە گەندەڵییەک کرد کە وەک خۆی دەڵێ لە مێژوی ئێراندا وەک ڕەشترین پەروەندە تۆمار دەکرێ.

ئێحسان جەهانگیری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی یەکەی ئورە و ئامۆنیاکی کۆمپانیای پێترۆشیمی شیرازدا ڕایگەیاند: کەسێک بە قەدەر ٤ پێترۆشیمی شیراز بڕی ٢ میلیارد و٧٠٠میلیۆن دۆلار پارەی وڵاتی تاڵان کردووە کە بە دڵنیاییەوە ئەم کەسە بەتەنیا نەیتوانیوە ئەم تاڵانکارییە بکات و دەستی دیکەی لە پشت بووە.

ئەم قسانەی ناوبراو هاوکاتە لەگەڵ ئاشکرابوونی کۆمەڵێک گەندەڵی ماڵی زەبەلاح کە لە لایەن گەورەدەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دراوە و تا ئێستاش سەرەرای ناڕەزایەتییەکان لە دنیای مەجازی و میدیاییدا هیچ کەس ئامادە نەبووە ڕوونکردنەوەی لەسەر بدات یان لانیکەم بکەرانی ئەو گەندەڵییانە سزا بدرێن.

سەرنجڕاکێش لەم نێوانەدا ئەوەیە کە بەشێک لە بەرپرسەکانی حکوومەتی ئیسلامی بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراوییەوە دەڵێن پێوەندی بە هیچ کەسەوە نیە کە کام بەرپرس پارە زۆر وەردەگرێ یان نا! وتەبێژی وەزارەتی بێهداشتی ڕوحانی لە دژکردەوە بە بڵاو بوونەوەی فیشی حقووقی هەندێک لە کارگێڕەکانی ئەم وەزارەتخانە کە بریتییە لە ٧٠٠ میلیۆن تمەن، بە هەواڵدەریی حکوومەتیی فارسی گوتووە: ئەوە ئەرکی دەزگای چاودێرییە کە بەدواداچوون بۆ ئەم مەسەلە بکات و پێوەندی بە ڕاگەیەنەکانەوە نیە کە باس لە وەها پرسێک بکەن.

ماوەیەک پێش ئێستا \"غوڵامعەلی جەعفەرزادە\" ئەندامی کۆمیتەکانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی مەجلیسی ئێران ڕایگەیاند: \"تەوەرەکانی گەندەڵی لە پەروەندەکانی لێکۆڵینەوەکانمان ئەوەندە زۆرن کە دەترسین ئاشکراکردنیان ببێتە هۆی خەسار و زەرەر بۆ سەر نیزام\"؛ ناوبراو گوتوویەتی: لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکاندا بۆمان دەرکەوت ئەو دەوڵەتەی کە بانگەشەی \"پاکدستی\" دەکات یەکێکە لە گەندەڵترین دەوڵەتەکان کە بەداخەوە زۆربەی هەرەزۆری ئەم گەندەڵییانە بە ئەنقەست کراوە، واتە کەسانێکی خاوەن دەسەڵات بە ئاگاهییەوە دەستیان داوەتە گەندەڵکاریی ئابووری.