٣٧ ڕێکخراوی مافی مرۆیی، خوازیاری ئازادکردنی چالاکانی کورد و هەروەها تەواوی قوربانییانی دەسبەسەرییە سەرەڕۆیانە و هەڕەمەکییەکان لە ئێراندا بوونە

12:09 - 16 رێبەندان 2720

٣٧ ڕێکخراوی مافی مرۆیی،بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی هاوبەش، خوازیاری ئازادکردنی چالاکانی کورد و هەروەها تەواوی قوربانییانی دەسبەسەرییە سەرەڕۆیانە و هەڕەمەکییەکان لە ئێراندا بوونە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، چاوەدێری مافی مرۆڤ، بونیادی بروومەند، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ژنێڤ و کوردپا لە واژۆکەرانی ئەو نامەیەن.

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ هەنگاوی خێرا و پێویست هەڵگرێ بۆ ئازادکردنی چالاکانی کورد کە بە ناڕەوا و هەڕەمەکی بەند کراون لە ئێران

ژنێڤ، نەتەوەیەکگرتووەکان، ٣ی فێڤریەی ٢٠٢١

بەڕێزان،

ئێمە، سی و حەوت (٣٧) ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی واژۆکەری ئەم نامە هاوبەشە، خوازیاری هەڵوێست و هەنگاوی خێرای کۆمەڵگای نێونەتەوەیین لە پەیوەندی لەگەڵ کەمپەینی گرتنی هەڕەمەکی و ناڕەوا،  بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستماندایە، تاکوو ئێستا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئامادەی دانی هیچ زانیارییەک نین لە سەر هۆی سەرکوت و گرتنی هەڕەمەکیی هاووڵاتییانی کورد.  بەڵام بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، تەنیا تاوانی بەندکراوانی کورد، جێبەجێکردنی مافە ئاساییەکانی خۆیان وەک مافی ئازادیی بەیان و ئازادیی ڕێکخستن و هەروەها ئەنجامدانی چالاکیی مەدەنیی ئاشتییانە یا پشتیوانی لە ڕوانگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان کە بریتییە لە: خەبات بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکان و مافەکانی مرۆڤیی خەڵکی کورد لە ئێران.

ئێمە زۆر نیگرانی ڕەوشی بەندکراوانی کوردین کە لە مەترسیی جیددی ئەشکەنجە، ڕەفتاری نا مرۆیی و هەروەها دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە کە دواتر لە دادگاکان بە شێوەیەکی ناڕەوا دژیان کەڵکی لێ وەربگیردرێت. دیارە دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجە بەشێکی دێکیومێنتەکراوی سیستەمی دادوەریی ئێرانە.

بە پێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارکراوەکان، لەنێوان ٦ی ژانویە تاکوو ١ی فێڤریەی ٢٠٢١، لانیکەم ٩٦ هاووڵاتیی کورد (٨٨ پیاو و ٨ ئافرەت) کە بریتین لە: چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەک چالاکانی ژینگەیی، کرێکاران، خوێندکارانی زانکۆ، کولتووری و هەروەها چالاکانی سیاسی کە پێشتر زیندانی کرابوون، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران یان وەزارەتی ئیتلاعات گیراون بەبێ ڕەچاوکردنی ئاگاداریی پێشوەخت و هەندێ جاریش بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی بەندکراوان.

کەمپەینی گرتنی هەڕەمەکیی هاووڵاتییانی کورد لە لانیکەم ١٩ شار بەڕێوەچوو و لەوانە: ٢٣ کەس لە بۆکان، ١٠ کەس لە مەهاباد، ٤ کەس لە نەغەدە،١ کەس لە بانە ، ١ کەس لە دیواندەرە،١١ کەس لە شنۆ، ٧ کەس لە پیرانشار، ٣ کەس لە ڕەبەت، ٣ کەس لە کەلاتەرزان، ٩ کەس لە مەریوان، ٣ کەس لە سەقز، ٤ کەس لە سنە، ٤ کەس لە سەوڵاوا، ٢ کەس لە کەرەج، ٢ کەس لە کرماشان، ١ کەس لە جوانڕۆ و ٤ کەسی دیکە لە پاوە لە پارێزگای کرماشان.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، زۆرینەی بەندکراوان پێش ئاگاداریی پێشوەخت گیراون. لە ڕاستیدا، بەرپرسانی دادوەریی شارەکانی مەهاباد و ورمێ بە کەسوکاری بەندکراوانیان وتووە کە ئەوان هیچ داواکارییەکیان دژی بەندکراوان دەرنەکردووە و ئاگاداری شوێنی گیراوەکان نین کە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە گیراون.

تاکوو ٢ی فێڤریەی ٢٠٢١، حەوت (٧) کەس لە بەندکراوان ئازاد کراون بەڵام چارەنووسی هاووڵاتییانی بەندکراوی دیکە ڕوون نییە و هیچ دەستپێڕاگەیشتنێکیان بە پارێزەر و کەسوکاریانەوە نییە و مەترسییەکی گەورە هەیە کە ئەم کەمپەینی سەرکوت و گرتنی هەڕەمەکی و دەرەوەی یاسا درێژەی هەبێت.

گرتنی هەڕەمەکی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ

بەپێی سەرچاوەکانی ئاگادار و جێگای باوەڕ، لە ٨٩ بەندکراوی کورد کە ئێستا لە بەندیخانەکانن، چارەنووسی لانیکەم ٤٠ کەسیان دیار نییە و قوربانیی سیاسەتی ناڕەوای بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێن.

 ئەو ٤٩ کەسی دیکە لەم بەندیخانانە بە سەر دەبەن: لانیکەم ٢٥ کەسیان لە زیندانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ورمێ و هەروەها لانیکەم ١٣ کەسی دیکەیان لە زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانن لە ورمێ. لانیکەم ٣ کەسیان لە زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانن لە مەریوان، ٥ کەسی دیکەش لە زیندانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانن لە سنە، ٢ کەسیان لە زیندانی ئیتلاعاتی کرماشان و یەک کەسیش لە زیندانی مهاباد.

زانیاری لە سەر شوێنی ئەم گرووپە لە بەندکراوان ئاشکرا کرا کە کاتێک چەند کەس لە بەندکراوان توانییان، دوای چەندین ڕۆژ، لەگەڵ بنەماڵەکانیان قسە بکەن. بەڵام بەرپرسانی حکوومەت تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر هۆی گرتنی بەندکراوان بە بنەماڵەی زیندانییەکان نادەن و ڕێگا نادەن هیچ پەیوەندی و چاوپێکەوتنێک لەنێوان بەندکراوان و کەسوکاریان هەبێت. هەروەها بەندکراوەکان ئاگادار کراونەتەوە کە مافی دەستپێڕاگەیشتنیان بە پارێزەر نییە تاکوو کۆتایی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان.

شێوازی گرتن و بەندکردنی ناڕەوای زیندانییانی کورد نەک تەنیا پێشێلکاریی ڕوونی پرۆسە و پێوەری دادوەری یاساکانی خودی ئێران و هەروەها پەیماننامە نێونەتەوەییەکان کە ئێران پەسەندی کردوون، بەڵکوو خستنە مەترسیی جیددی ژێر ئەشکەنجەی بەندکراوانە. ئەم شێوازە گرتن و بەندکردنەی زیندانییانی کورد بەشێکە لە سیاسەتی بەربڵاو و سیستماتیکی ناوەند و زیندانەکانی ئەمنیەتی و ئیتلاعاتی دەوڵەت بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا.

دەزگاکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات هەڕەشە و بێڕێزیان کردووە لە کەسوکاری بەندکراوان و پێیان ڕاگەیاندوون کە نابێت لەگەڵ هیچ میدیایەک و ئورگانێکی نەتەوەیەکگرتووەکان پەیوەندی بگرن.

بە پێی پەیماننامە ناونەتەوەیەکان،  بە تایبەت کۆنڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافەکانی مەدەنی و سیاسی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئێران پەسەندی کردووە، پرۆسەی گرتن و بەندکردنی هاوڵاتیانی کورد، بە تەواوی و لە هەموو حاڵەتەکاندا دژی ئەم پەیننامەیە و پێشێلی دەکات.

دەسبەسەرییە سەرەڕۆیانەکان بەهۆی ئەنجامدانی ئاشتییانەی مافی مرۆڤ

بەپێی ئەو زانیارییانە کە بە دەستمان گەیشتوون، لە کاتێکدا کە بەشێک لە بەندکراوان پێشینەی چالاکیی مافەکانی مەدەنی، ڕێکخراوی کولتووری و پاراستنی ژینگەیان هەیە، بەڵام زۆرینەیان چالاکانی لاوی کوڕ و کچی کوردن کە لە ڕێگەی ناوەندە نا فەرمییەکان خەبات دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستانی ئێران.

ئێمە نیگرانین لە سەرکوت و گرتن و تۆقاندنی چالاکانی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی پێشگرتن لە ڕۆڵ و ڕەوت و ڕێکخستنی ڕەوای لاوانی کورد بۆ دروستکردن و نەخشاندنی داهاتووی کۆمەڵگای کوردستانی ئێران.

هەروەها نیگرانین لەو ڕاپۆرتانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە بەندکراوان بەهۆی پشتیوانی لە ڕوانگە و سیاسەتی پارتە سیاسییەکانی کوردستان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە چالاکییەکانیان لە ئێران قەدەغە کراوە. حیزبە سیاسییەکانی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، باڵی سیاسیی بەرفراوانیان هەیە لە کوردستانی ئێران کە خەبات دەکەن بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی، مەدەنی، کولتووری و ئابوورییەکانی خەڵکی کوردستان. هەروەها حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، باڵ و پێگەی جیاوازی نیزامییان لە دەرەوەی ئێرانە و دەرگیر و ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی دەبن لە لەگەڵ هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێو کوردستانی ئێران. ساڵانە و بە شێوەیەکی ڕووتین، بەرپرسانی دەوڵەتی بە شێوەیەکی ناڕەوا هاووڵاتییانی کورد زیندانی دەکەن، بەبێ هیچ بەڵگە و هۆکارێک، تەنیا بەهۆی گومانی خەیاڵیی پشتیوانی یا لایەنگریی هاووڵاتییانی کورد لەو حیزبە سیاسییە کوردانە.

لێرەدا، ئێمە ڕادەگەیەنین کە مافەکانی ئازادیی بەیان و بیروباوەڕ، مافی ڕەخنە لە دەسەڵاتی سیاسیی حاکم و بەرپرسانی دەوڵەت لە خۆ دەگرێت و هەروەها مافەکانی دادخوازی و ئاشتیانە و دوور لە وتاری نفرەتهێنەر و توندوتیژی لە خۆ دەگرێت.  سزادانی هاووڵاتییانی کورد بەهۆی هەڵگرتنی بیروڕای جیاواز لە دەسڵاتی حاکم، پێشێلکاریەکی مەزنی مافەکانی ئازادیی بەیان و بیروڕایە کە لە کونڤانسیۆنەکانی مافەکانی مەدەنی و سیاسیی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتووە کە وڵاتی ئێران پەسەندی کوردووە.

پێشینەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ستەم دژی پێکهاتە ئیتنیکی و ئاینییەکانی ئێران 

زیاتر لە چوار دەیەیە کە پێکهاتە ئیتنیکییەکانی ئێران لەوانە کورد، بەلوچ، عەرەبی ئەحواز، تورکی ئازەربایجان و تورکمەن ڕووبەڕووی سیاسەتی ستەم و هەڵاواردنن و بێبەشن لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە خوێندن، کار، خانوبەرەو و بەشداریی سیاسی. ناوچەکانی نەتەوەکانی ژێر ستەم بێبەشن لە هەر چەشنە پێشکەوتنی ئابووری و لەو پەڕی هەژاری و بێبەشیدا دەژین. سەرەڕای داوای شێلگیرانەی چالاکانی ئەندامی نەتەوەکانی ئێران بۆ مافی خوێندن بە زمانی دایکی، منداڵانی نەتەوەکانی غەیرە فارس بێبەشن لە خوێندن بە زمانی دایکی و تەنیا زمانی فارسی، زمانی خوێندنە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندی و باڵاکاندا.

ئەندامانی پێکهاتە نەتەوەییەکان کە خەبات دەکەن دژی پێشێلکارییەکانی مافەکانیان و خوازیاری بەشداری لە دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیین، بە شێوەیەکی سیستامتیک تووشی سەرکوت و گرتنی ناڕەوا، ئەشکەنجە و لێدان و کرداری نامرۆیی دەبن. بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران، چالاکانی مافەکانی نەتەوەکان بە هەڕەشە لە سەر تەواوەتی ئەرزیی ئێران تاوانبار دەکات و هەروەها چالاکییە ئاشتیخوازانەی چالاکانی نەتەوەکان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵ یا جودابوونەوە لە ئێران وەک تاوان سەیر دەکات.

لە ساڵی ٢٠٢٠، لانیکەم ٥٠٧ هاووڵاتی و چالاکانی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران، بەهۆکاری سیاسییەوە گیراون. ١٥٩ کەسیان مەحکووم بە زیندانی درێژماوە لە ١ مانگ تاکوو ١٧ ساڵ کراون بەهۆی تاوانی دروستکراوی مەترسی لە سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی دوای دادگاییکردنی ناڕەواو و نادادپەروەرانە.

وەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٩ی بەڕێز جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران هاتووە، زیندانییانی سیاسیی کورد نیوەی زیندانییانی سیاسیی ئێران پێک دێنن و ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی کورد لە ئێران تەنیا نزیکەی ١٣ لەسەدی دانیشتووانی خەڵکی ٨٠ ملیۆنیی ئێران پێک دێنن.

هەروەها بەپێی هەمان ڕاپۆرتی بەڕێز جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران، ڕێژەیەکی بەرزی ئەو زیندانییە سیاسییانە کە لە ئێڕان ئێعدام دەکرێن کوردن. لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ئێران ٩ زیندانیی سیاسی لە سێدارە دراوە کە چوار کەسیان بە ناوەکانی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، مستەفا سەلیمی، دیاکۆ ڕەسووڵزادە و سابیر شێخ عەبدوڵڵا کورد بوون و ٢ کەسیان بەلووچ و ٣ کەسیان فارس بوون.

ئێمە بە توندی نیگرانین لە سەرەڕۆیی دەسەڵات و شکستی دەسەڵات لە لێپێچینەوە و بەدواداچوون بۆ بەرپرسانی دەوڵەت کە بەرپرسی دەستووری گرتنی ناڕەوا، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و کرداری نامرۆڤانەی هاوڵاتیانین. سەرەڕۆیی موتڵەقانەی دەسەڵات بووەتە سیاسەتێکی سیستەماتیک و بەربڵاوی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و بەپێی کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەیەکان وەک جینایەتی مرۆیی دەخەمڵێنرێ.

ئێمە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکانی واژۆکەری ئەم نامەیە، خوازیارین لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کە بە شێوەیەکی خێرا، نیگرانییە دێکیۆمێنتکراوەکانی سەرەوە بخاتە ڕوو لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داوایان لێ بکات کە:

خێرا و بێ مەرج، هەموو بەندکراوان کە بە شێوەی ناڕەوا گیراون ئازاد بکەن و کۆتایی بێنن بە کەمپەینی ناڕەوای گرتنی بە کۆمەڵی چالاکانی مەدەنیی کورد؛

پاراستنی بەندکراوان لە هەر چەشنە ئەشکەنجە و کرداری نامرۆییانە؛

ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکان لە سەر شوێنی بەندکراوان و چارەنووسیان و هۆکاری گرتنیان و کۆتایی بێنن بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ؛

پاراستنی هاووڵاتییان کە لە مافی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت گیراون، ئازاد بکرێن، دەستپێڕاگەیشتنیان بە پارێزەر هەبێت و بتوانن لە دادگا، گرتنی ناڕەواییان بسەلمێنن و هەموو دانپێدانانێکی دەرەوەی یاسا لە دادگاکان قەبووڵ نەکرێت؛

ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، بەلایەن و شەفاف لە سەر ئەشکەنجە و کرداری نامرۆییانە لەگەڵ بەندکراوان و دادگاییکردنی بەرپرسانی پێشێلکارییەکان؛

کۆتایهێنان بە سیاسەتی ستەم و هەڵاواردن دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، هەم لە دەستوور هەم بە کردەوە و مافەکانی مرۆیی هەموو هاووڵاتییان ڕێزی لێ بگیردرێت، بپارێزرێت و بەرز ڕابگیردرێت؛

هەروەها مۆڵەتێکی چەند ساڵەی یاسایی (مۆراتۆریۆم) بخەنە سەر پرسی سزای سێدارە بە مەبەستی هەڵگرتنی هەمیشەیی سزای ئێعدام لە ئێران.

 

ناوی ڕێکخراوەکانی واژۆکەری ئەم نامە هاوبەشە بە زمانی ئینگلیسی:

Abdorrahman Boroumand Center for Human Rights in Iran

Ahwaz Human Rights Organization

All Human Rights for All in Iran

Amnesty International

Arseh Sevom

ARTICLE 19

Association for the Human Rights of the Azerbaijani people in Iran (AHRAZ)

Association of Humanitarian Lawyers

Balochistan Human Rights Group

Baluch Activists Campaign Organization

Ceasefire Centre for Civilian Rights

Centre for Human Rights in Iran

Centre for Supporters of Human Rights

Ensemble Contre la Peine de Mort (ECPM)

European Ahwazi Human Rights Organisation (EAHRO)

Gesellschft für bedrohte Völker

6Rang (Iranian Lesbian and Transgender network)

Hengaw Organization for Human Rights

Human Rights Watch

Impact Iran

Iran Human Rights

Iran Human Rights Documentation Center

International Educational Development, Inc.

Iranian Kurdistan Women’s Centre

Justice for Iran

Kurdistan Human Rights-Geneva (KMMK-G)

Kurdistan Human Rights Network (KHRN)

Kurdpa Human Rights News Agency

Miian

Minority Rights Group International

OutRight Action International

Siamak Pourzand Foundation

Société pour les peuples menacés, Suisse

Turkmen Human Rights Activists

United for Iran

Unrepresented Nations and Peoples Organization (UNPO)

World Coalition Against the Death Penalty