ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی بەرزان نەسروڵڵازادە بوو

17:27 - 21 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی عەقیدەتی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بە ناوی "بەرزان نەسروڵڵازادە" بوو.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لەو ڕاگەیەندراوەدا ڕایگەیاندووە: "بەرزان نەسروڵڵازادە، لە موسڵمانانی سوننی و کوردی ئێرانی لە تەمەنی  ١٧ساڵیدا لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە و لە ڕێکەوتی ٢٩ی مانگی مەی ساڵی ٢٠١٠ دەسبەسەر کراوە. بەرزان بۆ ماوەی چەند مانگ لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە و بەبێ ئەوەیکە هیچ جۆرە دەسپێڕاگەیشتنێکی بە بنەماڵەکەی هەبێت و بەبێ بوونی پارێزەر لەژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا بووە و ناچار بە دانپێدانان دژی خۆی کراوە".

ئەو ڕێکخراوەیە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "بەرزان نەسروڵڵازادە باسی لە ئازار و ئەشکەنجە بەتایبەت لێدان، هەڵواسین، شووکی ئەلکتریکی، ئازار و ئەشکەنجەی خۆی کردووە. دادگای ناوبراو نادادپەروەرانە بووە و لە ماوەی لێپرسینەوەیدا ناچارە کراوە لە پێش کامێراکان دژی خۆی دانپێدانان ئەنجام بدات".

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "پاش ئەو دادگا نادادپەروەرانەیە، لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی دوژمنایەتی لەگەڵ خودا (محاربە)، پەیوەندی لەگەڵ گرووپە سەلەفییەکان و  بەشداری لە پیلانی تێرۆر، بەتایبەتی تێرۆر لە ڕێکەوتی ١٧ سێپتامبری ساڵی ٢٠٠٩ کە بوو بەهۆی کوژرانی ڕووحانییەکی سوننی مەزهەبی سەر بە دەوڵەت، مەحکووم کراوە".

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە دەڵێت: "دیوانی باڵای وڵات حوکمی لەسێدارەدانی بەرزان نەسروڵڵازادەی لە مانگی ئاگوستی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی پشتڕاست کردووەتەوە و ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ئاگادار کراوەتەوە کە دیوانی باڵای وڵات هیچ ئاماژەیەکی بە تەمەنی ئەو هاووڵاتییە کە ژێر ١٨ ساڵی بووە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەی، نەکردووە".