ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: قرتاندنی ئەندامی جەستە دەستدرێژیەکی ناشیاو بە کەرامەتی مرۆڤ و سەلمێنەری ئەشکەنجەیە

11:09 - 4 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە پستڕاستکردنەوەی حوکمی قرتاندنی دەستی چوار زیندانی لە گرتنگەی ورمێ، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە دژکردەوەی نیشان دا.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕاگەیاندوە: "کۆمەڵگای جیهانی دەبێت هەموو هێز و توانای خۆی بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای تۆقێنەری بڕینی قامکی دەستی چوار زیندانی لە گرتووخانەی ورمێ، بە کار بهێنێت.هادی ڕۆستەمی تەمەن (٣٣ ساڵ)، مەهدی شەریفیان تەمەن (٣٧ ساڵ)، مەهدی شاهیوەند تەمەن (٤٢ساڵ) و کەسرا کەرەمی تەمەن (٤٠ ساڵ) پاش دادگایەکی نادادپەروەرانە و بە "دانپێنانی زۆرەملێ" بە دزیکردن؛ مەحکووم کراون".

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها دەڵێت: "بڕینی ئەندامی جەستە دەستدرێژیەکی نەشیاو بە کەرامەتی مرۆڤ و بەڵگەی سەلمێنەری ئەشکەنجەکردنە کە لە یاسا نێونەتەوەییەکان تاوان بە ئەژمار دێت".

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەکات کە دەسبەجێ و بەبێ هیچ کۆت و بەندێک ئەو هەوڵە بێبەزییانە و هەژێنەرە ڕابگرن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەەیی پێداگری کردووە بەرپرسانی دادستانی و قەزایی کە تاوانبارانی وەها ئەشکەنجەیەکن، دەبێت بزانن کە دەتوان ئەوان بەپێی یاسای کەیفەریی نێونەتەوەیی لێپرسێنەوە و دادگایی جینایی بکرێن.

ئەو ڕێکخراو نێونەتەوەیی لە درێژەدا، دەڵێت: "حوکمی ئەو چوار زیندانییە لە دیوانی باڵای وڵات پشتراست کراوەتەوە و ئەمەش مەترسیی هەیە هەر کات ئەو حوکەم جێبەجێ بکرێت".

حوکمی "قڕتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی" سێ زیندانی بە تۆمەتی "دزیـ"ـکردن لە زیندانی ورمێ، بە ناوەکانی "هادی ڕۆستەمی، مەهدی شەرەفیان و مەهدی شاهیوەند" لەلایەن لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست و ئەو حوکمی بۆ جێبەجێ‌کردنی ڕەوانەی نووسینگەی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگوستەریی ورمێ کراوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لەمەڕ پشتڕاستکردنەوەی حوکمی "بڕینی چوار قامکی دەستـ"ـی سێ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی کوردپا، ناوەندی میدیایی دەزگای دادەوەری بە پشتبەستن بە سەرچاوەی دادگوستەریی ورمـێ، ڕاستبوونی ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە و ئەو هەواڵەی بە "شەپۆلێکی پڕوپاگەندە لە ڕاستای درێژەی پرۆژەی فەزاسازیی میدیایی ڕۆژئاوا دژی هەڵوێستیی دەزگای دادوەری لە بەربەرەکانێی هەمەلایەنەی لەگەڵ گەندەڵی و نائەمنی" لەقەڵەم داوە.

هادی ڕۆستەمی، زیندانیی مەحکووم بە "قرتاندنی چوار قامکی دەست"ی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی قوەی قەزاییە، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە و پێداچوونەوەی دووبارە بە دۆسییەکەی بوو.