ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: دەرفەتی دادڕەسیی دادپەروەرانە بە شاکر بێهروزی بدرێت

17:27 - 15 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای کردووە حوکمی ئێعدامی شاکر (فەرهاد )بێهرووزی، زیندانیی سیاسیی کورد، لە گرتووخانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ هەڵوەشێتەوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە: "شاکر بێهروزی تەمەن ٣٢ ساڵ، بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵە، لە زیندانی ورمێ لە ڕیزی ئێعدام دایە.  ناوبراو مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، دەسبەسەر کرا و پاش پرۆسەیەکی قەزایی نادادپەروەرانە و دانپێدانانی زۆرەملێ کە بە وتەی ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلاب بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە پێداگری لە سەر ئەوە کردووە: "بەرپرسانی ئێرانی دەبێت حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، دەسبەجێ هەڵبوشێننەوە و دەرفەتی دادرەسییەکی دادپەروەرانە بەبی پەنابردن بۆ سزای ئێعدام بە ئەو زیندانییە سیاسییە بدەن".

ئەو زیندانییە سیاسییە کورد لە گرتنگەی ناوەندیی ورمێ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی "دزە"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بەڕێوەچووە و ڕۆژی  پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، حوکمی ئێعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسییەدا سەپا و بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندرا".

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەو زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

 ئەو زیندانییە سەرەتا لە لقی ٢ی دادگای ئیقنلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و دواتر بە دۆسیەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، جارێکی دیکە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی و بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای ئەندامبوون لە کۆمەڵە" و "کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران" لە ناوچەی مەرگەوڕی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووە ئێران.

ئەو هاووڵاتییە، پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ناساندبوو و پاش ١٤ ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.

شاکر بێهرووزی، دووبارە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.