ڕێژەی بەشداربووانی قۆناغی دوکتورا ٤٠ هەزار کەس کەمی کردووە

14:30 - 21 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی خوێندنی ٩٥ دا، نزیک بە ١٥٧ هەزار خوێندکار و خوێندەڤان لە تاقیکردنەوەکانی دەورەی دوکتورادا بەشداریی دەکەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوازیارانی چوونە قۆناغی دوکتورا بۆ ساڵی داهاتوو بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، نزیک بە ٤٠ هەزار کەس کەمی کردووە.

تا ڕۆژی کۆتایی ناونووسین لە ڕۆژی شەممەی ئەو حەوتوویە، ١٥٦ هەزار و نۆسەد و نەوەد و پێنج کەس ناویان تۆمار کراوە.

ئەو ڕێژەیە بۆ ساڵی خوێندنی ٩٥ دەبێت و بەشداربووانی ئەو ساڵ ٢٠١ هەزار کەس بووە.

بەرپرسێکی ڕێکخراوی هەڵسەنگاندن(سنجش) لە ئێراندا بە هێماکردن بۆ کەمیی خوازیاران، هۆکاری ئەو بابەتەی ڕوون نەکردووەتەوە.

خوێندنی باڵا بەتایبەتی دوکتورا، لە ئێراندا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە ماشینی بەرهەم هێنانی بڕوانامە کە بە وتەی کارناسی ئەو بوارە، چەشنێک گواستنەوەی قەیرانی خوێندن و مێتۆد لە ئاستەکانی کارناسی و کارناسیی باڵا بۆ دوکتورایە.

سەرەتاکانی سەرماوەزی ئەو ساڵ، ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند کە ١١٠ هەزار کەسی هەڵگری بڕوانامەی دوکتورا بێکارن کە زۆربەیان پیاون.

نەبوونی هاوسەنگی و هەماهەنگی لە نێوان ڕشتەکانی خوێندن و پێویستیی بازاری کار لە هۆکارەکانی زۆر بوونی بێکاری دەرچووانی زانکۆ لە ئێراندا بە ئەژمار دەکرێن.