ڕێژەی ئاوە ژێرزەوینییەكانی كرماشان ٢.٤ میتر زیادی كردووە

16:57 - 19 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی كوردپا: ڕێژەی ئاوی ژێرزەوینیی دەشتەكانی پارێزگای كرماشان لە ساڵی كشتوكاڵیی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ نێونجی درێژخایەن، بەرزبوونەوەی گەشەی ٣ قاتی بە خۆیەوە بینیوە.

مەسعوود فوتووەت، ڕاوێژكاری بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوی ناوچەیی پارێزگاری كرماشان لە وتووێژێكدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاند: \"لێكۆڵینەوەكانمان لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە تا كۆتایی ڕەشەمە (سەرەتای ساڵی كشتوكاڵیی ٩٤ـ٩٥) دەری دەخات كە ئاستی ئاوە ژێرزەوینییەكان لە دەشتەكانی پارێزگای كرماشاندا ٢.٤ میتر زیادی كردووە\".

ناوبراو نێونجی ئەو زیادكردنەی لە درێژخایەندا ٧٦ سانتیمیتر ڕاگەیاند و وتی: \" بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوە ژێرزەوینییەكانی پارێزگای كرماشان بە بەرارود لەگەڵ ماوەی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوودا گەشەی ٣ قات نیشان دەدات\".

ئەو پسپۆڕەی ئەندازیاریی ئاو لە درێژەدا سەبارەت بە سەرچاوە ئاوییەكانی نێو شاخەكان، شوێنە سەختەكان و كانیاوەكانیش وتی: \"٥٠ كانیاومان خستە ژێر لێكۆڵینەوە كە ئاستی ئاو بە بەراورد لەگەڵ نێونجی درێژخایەن، لە ٣١ كانیاودا زیادی كردووە و لە ١٩ كانیاودا كەمی كردووە\".

فوتووەت هەروەها وتی: \"لێكۆڵینەوەكان لە سەر ئەو ٥٠ كانیاوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردووش دەری دەخات كە لە ٤٤ كانیاودا ڕێژەی ئاو زیادی كردووە و لەوانی دیكەدا دابەزیوە\".

ڕاوێژكاری بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوی ناوچەیی پارێزگاری كرماشان هەروەها وتی: \"سێ كانیاوی \"بڕناج\"، \"میلەسەر\" و \"بێ ئەبر\" زۆرترین ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئاویان لە پارێزگای كرماشاندا بە خۆوە بینیوە\".

بە وتەی ئەو پسپۆڕەی بواری ئاو، كانیاوی بڕناج بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٨٦% و بە بەراورد لەگەڵ نێونجی درێژخایەندا ٧٦%، كانیاوی میلەسەر بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٠٠% و بە بەراورد لەگەڵ نێونجی درێژخایەندا ٩٥% و كانیاوی بێ ئەبر بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٩٩.٧% و بە بەراورد لەگەڵ نێونجی درێژخایەندا ٨٣% ڕێژەی ئاویان زیادی كردووە.

فوتووەت هەروەها ڕایگەیاند: \" لە مانگی ڕەشەمەدا ڕێژەی ئاوی كانیاوی گرینگی سەراو نیلووفەڕ گەیشتۆتە ٢٩٠ لیتر لە چركەیەكدا، هەروەها ڕێژەی ئاوی تاقوەسانیش گەیشتۆتە ٥٢٥ لیتر لە چركەیەكدا كە ئەو ڕێژەیە بۆ سەراو نیلووفەڕ هێشتا كەمە، بەڵام بۆ تاقوەسان ڕێژەیەكی باشە\".

ڕاوێژكاری بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاوی ناوچەیی پارێزگاری كرماشان هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی ٢٩ ڕووباری پارێزگای كرماشان كە لێكۆڵینەوەیان لە سەر كراوە، ڕایگەیاند: \"لە ١٨ ڕووباردا بە بەراورد لەگەڵ نێونجی درێژخایەن، ڕێژەی ئاو زیادی كردووە، بەڵام لە ١١ ڕووباردا كەمی كردووە\".

فوتووەت هەروەها وتی: \"لەو ڕووبارانەدا كە ڕێژەی ئاو زیادی كردووە، نێونجی ئەو زیادكردنە ١٥٨.٣% بووە و لەو ڕووبارانەشدا كە ڕێژەی ئاو دابەزیوە، ئەو دابەزینە ٣١% بووە\".