ڕێوڕەسمی ڕەوانەکردنی تەرمی جەلال مەلەکشا لە کەشێکی ئەمنییەتیدا بەڕێوەچوو

12:49 - 11 خەزەڵوەر 2720

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی ڕەوانەکردنی تەرمی جەلال مەلەکشا، شاعیری نەتەوەیی کورد خەڵکی شاری سنە، لە کەشێکی توندی ئەمنییەتیدا بەڕێوەچوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیار بووه ڕێوڕەسمی تەرمی ڕەوانەکردنی ئەو شاعیرە کوردە، کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ لە بەهەشتی "محەممەدیـ"ـی شاری سنە، بەڕێوە بچێت و دواتر تەرمی ئەو شاعیرە کوردە، بۆ ناشتن ڕەوانەی  گوندی "مەلەکشان" بکرێت، بەڵام بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان پێش لە کاتی دیارکراو، ئەو ڕێورەسمە بەڕێوەچوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان پێشیان بە بەشداریی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە ڕێوڕەسمی ڕەوانەکردنی تەرمی ئەو شاعیرە نەتەوەییەی کورد گرتووە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەر، جەلال مه‌له‌كشا شاعیری بەناوبانگی کورد، لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا، بەهۆی جەڵتەی دڵ لە شاری سنە، کۆچی دوایی کرد.

ئەو شاعیرە ناودارە کوردە، ساڵی ١٣٣٠ لە گوندی مەلەکشان سەر بە شاری سنە لەدایک بووە و هه‌ر لە منداڵییەوە هۆگری شێعر و نووسین بووە.