ڕۆژنامەوانێکی خەڵکی ورمێ بە ٤ مانگ زیندان مەحکووم کرا

20:37 - 27 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری ورمێ بۆ ڕۆژنامەوانێکی دانیشتووی ئەو شارە حوکمی چوار مانگ زیندانی بڕییەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سکاڵای یەکێک لە نوێنەرەکانی شاری ورمێ لە مەجلیسی ئیسلامیی ئێران، حوکمی چوار مانگ و ڕۆژێک زیندانی بۆ حامید عەتایی بەدواوە بوو.

نادر قازی پوور سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی فیلمی لێدوانی ناوبراو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی مەجلیس دەیەم، سکاڵای لەسەر ئەوهەواڵنێرە تۆمار کردووە.

ناوبراو لەو فیلمەدا هێرشی کردۆتە سەر ژنان و ئەوانی بە شیاوی خۆ پاڵاوتن و باشداری کردن لە مەجلیسدا نەزانیوە و لە دەستەواژەی \"کرەخر\" بۆ ژنان کەڵکی وەرگرتووە.

ئەو حوکمە بە شێوەیەکی فەرمی بە حامید عەتایی بەڕێوەبەری ماڵپەڕی\"ئاینا نیوز\" ڕاگەیەندراوە.

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سەبارەت بەو حوکمەی دادگای ئینقلاب کاردانەوەیان نیشان داوە.

حامید عەتایی تاوانی وەپاڵدراوی\" بڵاوکردنەوەی درۆ و دەڵەسە\"ی لەلایەن دادگای ئینقلابەوە ڕەت کردووەتەوە و ڕوونی کردۆتەوە کە؛\"بەو شێوە کە پارێزەرەکەی من و خۆم ڕامانگەیاندووە، ئەو بابەتە یەکێک لە بابەتە گوماناوییەکان بووە کە لە ڕاگەیەندنەکاندا بڵاو دەبێتەوە و هیچ مەبەستێکی تاوانکارانە لە پشت ئەو هەواڵەدا نەبووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرێک لە هەواڵنێران کە هەوڵی بڵاوکردنەوەی لایەنە شاراوەکانی گەندەڵیی ماڵیی بەرپرسانی حکوومەتی و ڕەخنە گرتن لە هەڵسووکەوتی ئەوان دەدەن، لەلایەن دەزگای قەزاییەوە لەگەڵ زیندان و لێدانی قامچی بەرەوڕوو دەبنەوە.