ڕووداوی کار لە ساڵی ڕابردوودا، گیانی ٦٧٨ کرێکاری ئەستاندووە

17:15 - 18 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی ٧٠٠ کرێکار، لە ئێراندا بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

داتاکانی ناوەندی ئامار و زانیاریی وەزارەتی کار لە ئێراندا، لە دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، بڵاوی کردووەتەوە کە لە ساڵی ڕابردوودا ٩ هەزار و ٩٩٦ کرێکار لە ئێراندا بە هۆی لە بەرچاونەگرتنی ئیمەنی، بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار و زانیاریی کار لە ئێراندا، لە کۆی گشتیی قوربانییانی ڕووداوی کار لە ئێراندا، ٦٧٨ کرێکار گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها ئەو ئامارە باس لە زۆرترین ڕووداوی کار لە شارە گەورەکانی ئێران دەکات کە تاران لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ١٥٦٣ حاڵەتی ڕووداوی کاری تێدا ڕووی داوە کە لەو پەیوەندییەدا ١٧٩ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و هەروەها شاری ئیسفەهان بە ٥٠ قوربانی، یەکەمین و دووهەمەکانی ئێران بۆ ڕووداوی کار بوون.

لەو پەیوەندییەدا، ٥٥ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کوردستان و ئێران، بە هۆی ڕووداوی کار بوونەتە قوربانی و ٤٣ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.