ڕوودانی ١٨٨ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا

13:28 - 7 خاکەلێوه 2721

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە بڵاوکردنەوەی ئامارێک، باس لە ڕوودانی ١٨٨ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە ساڵی ١٣٩٩دا، دەکات.

بەپێی ئەو ئامارە، یەکەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕۆژی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩دا، لە ناوچەی "دەری"، سەر بە مەریوان ڕووی داوە.

لە سێ حاڵەتی دیکە لە ئاگرکەوتنەوەکانی ساڵی ڕابردوودا، ڕوون بووەتەوە کە زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی ناوچەی مەریوان تووشی خەسار بوونە و هەتا ڕێکەوتی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٩٩، زیاتر لە ٧٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە مەریواندا، ڕووی داوە.

بەپێ بەراوەردەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەی ڕۆژی ٢٨ و ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ لە دارستانەکانی کۆساڵان، زیاتر لە ١٤٥ هێکتار بووە.

تەواوی ئەو ئاگرکەوتنانە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و هەروەها خەڵکی ژینگەدۆستی ناوچەکە کوژاوەتەوە.

چالاکانی ژینگە، ڕوودانی ئەم ئاگرکەوتنانە "بەئەنقەست" دەزانن و دەڵێن: "بەرپرسانی حکوومەت بەنیسبەت ئەم پرسە گرینگە کەمتەرخەمن".

ساڵانە لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهار هەتا سەرەتاکانی وەرزی پاییز، ئاگرکەوتنەکان بەشیوەیەکی بەرین دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا لەنێو دەبات و چالاکانی ژینگە دەڵین: "بەرپرسانی حکوومەتی بەجێگای ئەوەیکە ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە، حاشا لە ئەم کارەساتە دەکەن و تەنانەت لە ڕاگەیاندنی ڕێژەی ڕاستیی ئاگرکەوتنەوەکاندا، خۆدەبوێرن و بەرنامەیەکی ئەوتۆیان بۆ کۆنتڕۆلکردن و پێشگرتن لەم ئاگرکەوتنانەدا نییە".