ڕاگەیەندراوی زیندانیانی ئێڤین و گەوهەردەشتی کەرەج بۆ خەڵکی فەرانسە

20:39 - 7 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەشێک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ئێڤین و گەوهەردەشتی کەرەج، لە ڕاگەیەنراوێکدا بۆ خەڵکی فەڕانسە، سەبارەت بە سەفەری حەسەن ڕووحانی سەرکۆماری ئێران بۆ ئەو وڵاتە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران، لە ڕاگەیەنراوی زیندانییانی سیاسیی ئێڤین و گەوهەر دەشتی کەرەج‏دا هاتووە؛ \"حەسەن ڕووحانی دێکتاتۆرە و نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران ناکات\".

بەشێکی دیکە لە ڕاگەیەنراوەکە تەرخان کراوە بۆ جینایەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هاتووە؛ \"حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسی ئێعدام کراوی لە کارنامەی خۆیدا هەیە و مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بە فەرمی ناناسێت و هەروەها سەرکوت و لێدان لەو وڵاتە درێژەی هەیە\".

لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە؛ \"لە ئێران بەشێکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی، بە تایبەتی چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی مافی منداڵان و ژنان، مامۆستایان، چالاکانی کرێکاری، هونەرمەندان و پارێزەرەکان بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە زیندان‏دان\".

هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە، ئەو زیندانییانە لەگەڵ نەخۆشینی جۆراوجۆر بەرەوڕوون و هیچ پێڕاگەیشتنێکیان بۆ ناکرێت، لەگەڵ کەمیی دەوا و دەرمان و لەگەڵ کێشەی کەمیی شوێن بەرەو ڕوون و بەشێک لەو زیندانییانە لە بارودۆخێکی ناڵەبار و بە دوورخراوەیی بەسەر دەبەن. زۆربەی تاوانباران بە دانی بارمتە، چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی حوکمەکەیانن، هەروەها خەڵکی ئێران لەژێر باری قورسی ئابووری، هەژاری، بێکاری و سەرکوت کردندا دەناڵێنن.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە؛ \"ئێمە ناتوانین ناڕەزایەتیی خۆمان لە پێشوازی کردنی ئێوە لە ئاخوندەکان لە ئێران دەرنەبڕین، وڵاتی فەڕانسە بە لانکەی دێموکراسی دەناسرێت، نابێ ئیزن بدەن فێڵبازێکی(شیاد) وەکوو ڕووحانی لەو وڵاتە جێگەی بێتەوە\".