ڕاگواستنی ٥ زیندانی بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان و خۆکوژی زیندانییەک

10:15 - 8 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەر، ٥ زیندانی بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە ناوەکانی "زەینو‌لعابدین حوسێن‌زادە، عەلی مەلەکی، یاسر پوورمحەممەدی، مورتەزا حەیدەری و مووسا نێعمانی" بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لە سێدارەدانیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی لە زیندانی ورمێ کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەلی مەلەکی یەکێک لە زیندانییانی ڕەوانەکراو بۆ ژوری تاکەکەسی، بە قرتاندنی یەکێک لە دەمارەکانی، هەوڵی خۆکوژی داوه و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی بێهداریی زیندانی ورمێ کراوە و لە بارودۆخی تەندروستی گشتیی ئەو زیندانییە، هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت: "حوکمی لە سێدارەدانی مووسا نێعمانی و زەینولعابدین حوسێن‌زادە، لە زیندانی ورمێ جێبەجێ دەکرێت و حوکمی سێ زیندانیی دیکە لە شوێنە گشتییەکان و لە پێش چاوی خەڵکی جێبەجێ دەکرێت".

عەلی مەلەکی، یاسر پوورمحەممەدی و مورتەزا حەیدەری، ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، دەسبەسەر کران و بە ئێعدام لە شوێنە گشتییەکان مەحکووم کرابوون.

موسا نێعمانی و زەینولعابدین حوسێن‌زادە لە دوو دۆسییەی جیاجیا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

دەوترێ، لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکان، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییانی ڕاگوێزراو،بۆ ژووری تاکەکەسی جێبەجێ دەکرێت.