ڕاپۆرتێک لەبارەی وردەکارییەکانی کوشتنی توندوتیژانەی ژنێک لە ورمێ بە پاڵنەریی "نامووسی"

17:52 - 18 رێبەندان 2720

کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕێبەندان، ژنێکی لاو بە ناوی "عشرەت نیکخوویی"، کچی جەمشید، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەنگەچین" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، لەژێر ناوی "نامووسی"، لەلایەن ئامۆزاکانییەوە بە بێنزین ئاگری تێبەردراوە و گیانی لەدەست داوە.

وردەکارییەکان و پاڵنەریی کوشتن:

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاندووە، ئامۆزاکانی عشرەت لە کوشتنی ناوبراو دەستیان هەبووە و کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندان، عشرەتیان لە حاڵێکدا کە دەست و پێیان بەستبووەوە، بە پێداکردنی بێنزین بە جەستەیدا، ناوبراویان ئاگر تێبەرداوە.

ئەم کوشتنە توندوتیژانە لەژێر ناوی "پاراستنی نامووس" و لە دوای بڵاوکردنەوەی فیلمێک سەبارەت بە پەیوەندیی "عشرەت" لەگەڵ پیاوێکی خێزاندار بە ناوی "زوبەید" ڕووی داوە.

ئەو فیلمە لەلایەن کەسێک بە ناوی "ڕۆشەن.ج"، کوڕی فازڵ و خەڵکی گوندی "سیناوا"، بڵاو کراوەتەوە. "ڕۆشەن"، لە دوای گرتنی ئەو فیلمە، داوای پەیوەندی لە "عشرەت" دەکات کە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ناوبراو ڕووبەڕوو دەبێتەوە و هەروەها لە "زوبەید" وێڕای وەرگرتنی ٢٠ ملیۆن تمەن، داوای ماشینەکەشی لە جۆری "پێرشیا" دەکات کە دیسان لەگەڵ ناڕەزایەتی ڕووبەڕوو دەبێتەوە و پاشان فیلمەکە بڵاو دەکاتەوە.

ئەو فیلمە لە وەرزی پاییزی ئەمساڵ گیراوە و ٦ ڕۆژ پێش لە سووتاندنی "عشرەت"، بە گشتی لەنێو خەڵکدا بڵاو بووەتەوە.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمە، "سدێق گرامی"، هاوژینی "عشرەت"، بە شێوەی مەسڵەحەتی لە ناوبراو جیا دەبێتەوە و عشرەت دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ باوکی.

جەنازەی سووتاوی "عشرەت"، ئێستا لە پزیشکیی یاسایی ورمێ ڕاگیراوە.

هەتا ئێستا لەم پەیوەندییەدا هیچ کەس و لایەنێک دەسبەسەر نەکراوە.

شیکاریی زیاتر لەبارەی ژیانی "عشرەت نیکخوویی":

عشرەت نیکخوویی، تەمەن ٢٨ ساڵ، دایکی ٣ منداڵ بووە کە بچووکترینیان تەمەنی ٢ ساڵ و گەورەترینیان تەمەن ١٢ ساڵ بووە.

عشرەت، خەڵکی گوندی "گەنگەچینـ"ـی ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ بووە و لە گوندی "سیناوا" سەر بەو ناوچەیە ژیانی‌هاوبەشی پێک هێناوە.

کاتێک عشرەت لە گەڵ "سدێق گرامی" ژیانی‌هاوبەشی پێک هێناوە تەمەنی تەنیا ١٨ ساڵ بووە.

باوک و برایەکانی عشرەت هەمووان کۆچی دواییان کردووە.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی دڵتەزێنی ئەو ژنە لە ورمێ، دژکردەوەی زۆری چالاکانی مەدەنی و میدیایی لە ورمێ، لەمەڕ مەحکوومکردنی ئەم کوشتنە دڵتەزێنە و خاوەنداریەتیی جەستەی ژن و هەروەها بێدەنگی لە بەرانبەر بە ئەو جینایەتەی بەدوادا بووە.

سەبارەت بە کوشتنی ژنان، کاتێک کوشتنی ژنان بە پاڵنەریی پاراستنی ئابڕوو و شەرەفی بنەماڵەکەی بێت، دەچێتە خانەی "قەتڵە نامووسییەکانەوە"، حاڵەتگەلێک  وەکوو؛ مڵنەدان بۆ پێکهێنانی ژیانی‌هاوبەشی زۆرەملێ، قوربانیبوونی دەسدرێژیی جینسی، تەڵاق وەرگرتن، پەیوەندیی لەگەڵ لایەنەی بەرانبەر، خۆبواردن لە قسە و داب و نەریتی بنەماڵە و ... دەتوانێ شەرافەت و ئابڕووی بنەماڵەکەی "لەکەدار" بکات و ئەمەش هۆکارێکە بۆ "قەتڵە نامووسییەکان" لەلایەن بکوژەکانەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ٩٩ هەتا ئێستا، سەرجەم ١٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان بە پاڵنەریی نامووسییەوە، کێشە بنەماڵەییەکان و ... لە کوردستان ڕووی داوە و هەتا ئێستا بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە کە ٥ حاڵەت لەو کوشتنانە "قەتڵی نامووسی" بووە.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە