چەکدارانی سوپای پاسداران لە مەریوان، کۆڵبەرێکی دیکەیان کوشت

19:53 - 19 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی بەردەوامی کوشتاری هاووڵاتییان و کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان، هێزەکانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، کۆڵبەرێکی دیکەیان لەخاڵی سنووریی مەریوان کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی مەریوان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە خاڵی سنووریی (ئاسنەوا)، کەوتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە، فەرەیدوون نەسروڵڵاهی و خەڵکی گوندی (زوێران)ی سەربە شاری مەریوان و دانیشتووی ئەو شارە راگەیاندراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستا تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە، کە رۆژی رابردوو بە دەستی چەکدارانی سوپای پاسداران گیانی لێ ئەستێندرا، لە نەخۆشخانەیەکی شاری مەریوان راگیراوەو رادەستی بنەماڵە و کەسوکاری نەکراوەتەوە.

کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران لە کاتێکدایە، کە جێگری بەرپرسی سیاسی ئەمنیەتیی ئوستانی کوردستان رێکەوتی ١٠ی رەشەمە رایگەیاندبوو: \"بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە لە کاتی هاتنە سەرکاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی حەسەن رۆحانییەوە هەتا ئێتسا یەک کۆلبەر لە ناوچە سنوورییەکانی ئوستانی کوردستاندا نەکوژراون\".

وتەی عەلی‌رەزا ئاشناگەر، لە کاتێکدایە کە بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانییەوە هەتا ئیستا، ٣٢ کۆڵبەری کورد لە ئوستانی کوردستاندا و بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراو و بریندار بوونە.