چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە مەریوان، کۆڵبەرێکی دیکەیان کوشت

14:13 - 25 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی هەنگی مەرزیی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە شاری مەریوان، کۆڵبەرێکی دیکەیان لە کاتی کۆلبەریدا کوشتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٠ی شەوی رابردوو هاووڵاتییەکی مەریوانی بەناوی سۆران خوسرەوی و کوڕی رەوف، کە لە سنووری مەڕانە سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، بە تەقەی هیزەکانی هەنگی مەرزیی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران کوژرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەنی ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی (کانی سپیلکە)ی سەربە شاری مەریوان بووە کە بەدەستی هێزە چەکدارەکانی هەنگی مەرزیی حکوموەتی ئیسلامی لەو شارە، گیانی لێ ئەستێندراوە.

\"25432.jpg\"
سۆران خوسرەوی و کوڕی رەوف، کە لە سنووری مەڕانە سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، بە تەقەی هیزەکانی هەنگی مەرزیی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران کوژرا
رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردووش کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناوی فەرەیدوون نەسروڵڵاهی و خەڵکی گوندی (زوێران)ی سەربە شاری مەریوان، لە کاتێکدا کەلە سنووری (ئاسنەوا) سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، بە دەستی چەکدارانی سوپای پاسداران گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لەسەرەتای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانییەوە هەتا ئێستا (١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی هەتا ١٥ی رەشەمەی ٩٣) ٣٤ کۆڵبەری کورد تەنیا لە ئوستانی کوردستاندا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوونە.