چەنگیز قەدەم‌خێر، زیندانیی سیاسیی کورد بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا

11:38 - 28 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، چەنگیز قەدەم‌خێر، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کامیاران، لە زیندانی مەسجێد سلێمانی خووزستان، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو زیندانییە سیاسییە زانیارییەکی ورد لە بەردەسدا، نییە و بەرپرسانی زیندانی مەسجێد سلێمان، لەو پەیوەندییەدا لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون خۆیان دەبوێرن".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: "چەنگیز قەدەم‌خێر نەخۆشی گورچیلەی هەیە و بارودۆخی تەندروستی گشتیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، نالەبارە".

مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، پزیشکی چارەسەری ئەو زیندانییە سیاسییە، ڕاگەیاندبووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەرخانکردنی نەخۆشخانەکان بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ناتوانن نەشتەرگەریی بۆ بکەن.

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەشەمە ٩٨، چەنگیز قەدەم‌ خێر، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران لە زیندانی مەسجێد سلێمانی خووزستان، پاش خوێنڕێژیی توندی گورچیلەی، لەسەر داوای پزیشکەکەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەشەمە ٩٨، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشكی و دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران لەگەڵ "مورەخەسی دەرمانی"، مانی گرتبوو.

گورچیلەی چەنگیز قەدەم‌ خێر لە ئەنجامی مانگرتنی لە خواردن تووشی خوێنڕێژیی ببوو کە پزیشکەکەی ئیزنی درێژەدان بە مانگرتنەکەی نەدا.

"چەنگیز قەدەم خێر"، تووشی نەخۆشیی گورچیلەیە و بارودۆخی تەندروستیی باشی نییە.

پێشتریش ئەو زیندانییە سیاسییە لە هەمبەر دەستێوەردانەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەڕێ نەکردنی بۆ مورەخەسیی دەرمانی، دەستی دابووە مانگرتن.

"چەنگیز" خەڵكی كامیارانە و مانگی جۆزەردانی ١٣٩٠ لە دەوروبەری سنە، لەلایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر كرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دەزگای دادوەریی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە حیزبێكی كوردیدا" بە ٤٠ ساڵ زیندان مەحكووم کراوە.