چوار چالاکی کورد بانگهێشت و دادگایی کران

15:12 - 20 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران، چوار چالاکی کرێکاری و مەدەنیی کوردستانیان بانگهێشت کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای تێپەربوونی ٢٠ رۆژ بەسەر دەستەبسەرکرانی سۆهراب بەهرامی، تەمەن ٥٥ ساڵ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هێزە ئەمنییەکان، ئەو چالاکە مەدەنییەیان لە کۆتایی مانگی بەفرانباردا و بەبێ مۆڵەتی فەرمی و یاسایی دەستبەسەر کردووەو لە کاتی دەستبەسەر کردنیشیدا بە توندی داویانەتە بەر لێدان و سووکایەتی پێکردن.

کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی نووسیویەتی؛ بەدواداچوونی بنەماڵەی بەهارمی بێ ئەنجام بووەو هەتا ئیتستاش تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو روون نییە.

هەروەها موزەفەر ساڵح نیا، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی کوردی خەڵكی شاری سنە، لەلایەن ستادی خەبەریی ئەو شارەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.

ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی بەرێوەبەریی یەکەیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانە، کە پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کراوەو سەبارەت بە چالاکییە کرێکارییەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵدا کراوە.

هەروەها سەر لەبەیانیی رۆژی رابردوو، رێکەوتی ١٩ی رێبەندان، لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران، جەمیل محەمەدی دادگایی کرد.

ئەو چالاکە کڕیکارییە کوردە، یەکێک لە ئامادەکارانی تۆماری چل هەزار کەسیی کرێکران و یەکێک لەو ٦ نوێنەرەی ئەو هەزار کرێکارانەیە، کە سکاڵایان لەسەر گەندەڵیی سێ هەزار ملیاردی تمەنیی سندووقی رێکخراوی تەئمین ئیجتماعی، تۆمار کردووە.

ناوبراو لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"پێکهێنانی کۆبوونەوە بەدژی ئاسایشی نەتەوەیی\" تۆمەتبار کراوە.

جەمیل محەمەدی، هاورێ لەگەڵ جەعفەر عەزیم‌زادە، لە نیوە شەوی رێکەوتی ١٠ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆیاند ادەستەبسەر کران و بە ریز بۆ ماوەی ٢٣ و ٤٦ رۆژ لە بەندی ٢٠٩ی زیندنای ئێڤین لە دەستەبسەریدا بوون.

لەلایەکی دیکەوە، کۆتاییەکانی حەفتەی رابردوو، چالاکێکی کرێکاری کورد، بەناوی رێبوار عەبدوڵڵاهی، وێڕای بانگهێشت کران بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لەلایەن دادوەرەوە دادگایی کرا.

ناوبراو کە ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی رێکخراوە کرێکارییەکانە، لە دانیشتنێکی چەند خولەکیدا لەلایەن داوەری دۆسیەکەیەوە بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراوەو حوکمەکەشی پێ راگەیەندراوە.

رێبوار عەبدوڵڵاهی، رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز دەستبەسەر کراو بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە راگیرابوو، کە دواتر بە دانانی ٧٠ ملوێن تمەن بارمتە ئازاد کراو سەرئەنجام رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ١٥ رێبەندان دادگایی کرا.

بانگهێشت و دادگایی کرانی ئەندامانی رێکخراوە کرێکارییەکان تەنیا بەهۆی نارەزایەتی دەربڕین بە دەرکرانی کرێکاران و وەدوا کەوتنی مووچە و زیادکردنی هەقدەستی کرێکارانەوە بانگهێشت و بەەروڕووی حوکمی دادگا و زیندنای کران دەبنەوە.