چوار هاووڵاتیی کورد بە زیندان مەحکووم کران

18:00 - 11 سەرماوەز 2720

چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کامڕان قاسمی، ئومید سەعیدی، عەبدولعەزیز محەممەدپوور و کەیوان ڕەشۆزادە" خەڵکی شارەکی "ئیسلامئاوا"ی ورمێ، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی دادگا، کامڕان قاسمی، ئومید سەعیدی و کەیوان ڕەشۆزادە هەر کامەیان بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور بە ٥ ساڵ زیندانیی مەحکووم کراوە.

دادگا ئەو٤ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگایی‌کردنی ئەو چوار هاووڵاتییه کوردە ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز بەڕێوە چووبوو و حوکمی داسەپاو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە زیندانی ورمێ پێیان ڕاگەیەندرابوو.

لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "نائیب (مەسعوود) حاجی‌پوور" خەڵکی ورمێ هاودۆسیەی ئەم چوار هاووڵاتییە، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەر، کامڕان قاسمی، ئومید سەعیدی و کەیوان ڕەشۆزادە لە هەمبەر ناڕوونیی چارەنووسیان و لەبەرچاونەگرتنی ئەسلی جیاکردنەوەی تاوانەکان، لە بەندی لاوانی زیندانی ورمێ، دەستیان دابووە مانگرتن.

ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ٩٨، ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ نائیب حاجی‌پوور، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، کرابوون.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە پاش مانگێگ لێکۆڵینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزران.

وێنە: ئومیدی سەعیدی، کامڕان قاسمی و کەیوان ڕەشۆزادە